نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى ڕه‌وتى سه‌در كرد

پەیامی کورد      ...   نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى ڕه‌وتى سه‌در كرد

نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ شاندێكى ڕه‌وتى سه‌در به‌ سه‌رۆكایه‌تی د. نه‌سار ئه‌لڕوبه‌یعى، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سیاسی ڕه‌وتى سه‌در‌ كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسی پارتى ئاماده‌ى بوون، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق به‌گشتى، پرۆسه‌ى سیاسى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، پێشبینییه‌كان بۆ نه‌خشه‌ى سیاسی داهاتوو له‌ ووڵات، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بابه‌خى هاوبه‌ش، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ دواى هه‌ژده‌ ساڵ له‌ پرۆسه‌ى ئازادى، عێراق پێى ناوه‌ته‌ قۆناغ و دۆخێكى تازه‌وه‌ و ده‌بێ پێداویستییه‌كانى قۆناغى ئێستا و چاوه‌ڕوانى و داوكاری گه‌لى عێراق و پێكهاته‌كانى بۆ داهاتوو زیاتر ڕه‌چاو بكرێن و هه‌مووان بۆ ئاینده‌یه‌كى باشتر سوود له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌م وكوڕییه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ لایه‌ن و پێكهاته‌كان بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتنێكى هاوبه‌شى و به‌ره‌و به‌هێزكردنى هاوبه‌شییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى و خۆشگوزه‌رانى بۆ هاووڵاتیان، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن.

شاندى میوان خۆشحاڵی خۆیان به‌ سه‌ردانى هه‌ولێر و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیان ده‌ربڕى و هیوایان خواست به‌ هاوبه‌شى و هاریكاریى نێوان و لایه‌ن و پێكهاته‌ عێراقییه‌كان، ئێستا و ئاینده‌ى ووڵات له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر هه‌نگاو بنێت.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە