نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى دیوانى وەقفى سووننى دەکات

پەیامی کورد     ...    نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى دیوانى وەقفى سووننى دەکات

سەرۆک نێچیرڤان داکۆکى لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هەموو پێکهاتە عێراقییەکان لە مافەکانیان و لە ئێستا و داهاتوویان دڵنیا بن و هاوبەشى دەسەڵات و بەڕێوەبردنى ووڵات بن، بۆ سەقامگیری عێراقیش دەبێ کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن و هەمووان پێکەوە لەپێناو بەرژەوەندی ووڵات و پێش خستنیدا کار بکەن.

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 14/2/2021  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە د. سەعد حەمید کەمبەش، سەرۆکى دیوانى وەقفى سووننى و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە دیدارێکدا دۆخى سیاسی عێراق و مەترسییەکانى تیرۆر و هەڵبژاردنەکانى داهاتوو تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە پێویستیى عێراق بە تەبایى و پێکەوەژیان و لێبوردەیى و بە سەقامگیرى و ئارامى و هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان لە پێگەکانى دەسەڵات و بەڕێوەبرندنى ووڵاتدا کرده‌وە و هاوڕا بوون کە دەبێ پێکهاتە عێراقییەکان پێکەوە کار بکەن، بەپێى دەستوور کێشەکانى ووڵات چارەسەر بکرێن و مافەکانى تەواوى پێکهاتەکان دەستەبەر بکرێن.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا بەڕێز سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننى و شاندى یاوەرى، پوختەیەکیان دەربارەى پێکهاتە و کار و چالاکییەکانیان خستە ڕوو و جەختیان لە میانڕەویى و ئاشتیخوازى و نەرمی گوتارى وەقفەکە کردەوە کە لە زیاتر لە سێزدە هەزار مینبەرى مزگەوت و سەدان قوتابخانە و ئامادەیى و پەیمانگە و کۆلێژەوە لە هەموو ناوچەکانى عێراق ئاراستە دەکرێت و خۆشحاڵیى خۆیان بە کارکردن و هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕى.

شاندەکە هەروەها سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە کە پێشوازییان لە ئاوارەکانى ناوچە سونییەکانى عێراق کردووە و هەموو هاوکارییەکیان پێشکەش کردوون کاتێک لە دەست تیرۆرى داعش، هانایان بۆ هەرێمى کوردستان هێنا و بێ کێشە و بە ئارامى لێرە مانەوە و پارێزران و بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

هەر یەکە لە بەڕێزان د. محەمەد نوورى ئەلحاتەمى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى و د. مشعان خەلیل ئەلخەزرەجى، ڕاگرى کۆلێژى ئەلئیمام ئەلئەعزەم و نوورەدین محه‌مه‌د حه‌مید بەڕێوەبەرى گشتی ڕێوڕەسمەکان و هەماهەنگی دیوانى وەقفى سوننى، ئەندامى شاندەکە بوون.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە