نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد   ...  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/10/18 له‌ هه‌ولێر،  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزى شانشینى یه‌كگرتوو له‌ عێراق و شاندێكى یاوه‌رى، ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كان و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق، هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و ئه‌ركداركردنى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نویى فیدراڵى، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گرینگه‌ حكوومه‌تى نوێى عێراق كاره‌ له‌پێشینه‌كانى ده‌ستنیشان بكات و خزمه‌تگوزارى و ده‌رفه‌تى كار پێشكه‌ش بكات، ده‌رفه‌تیشى هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ كێشه‌كانى وڵات چاره‌سه‌ر بكات، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندی باڵاى ووڵات ده‌بێ ستراتیژى بیر بكه‌نه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و گێڕانه‌وه‌ و پاراستنى سه‌قامگیرى بكه‌ن.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبووونه‌وه‌كه‌ بوو، تیایدا جه‌خت له‌ گرنگی پاراستنى ته‌بایى و یه‌كڕیزی نێوان لایه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرایه‌وه‌، ‌هه‌ردوولاش هاوڕا بوون كه‌ له‌ بوارى دیموكراسیدا وڵاتانى دۆست و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانییان هه‌یه‌ به‌ربه‌ست و كێشه‌كانى به‌رده‌م ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر بكرێن.

په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و ده‌رفه‌تى فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان به‌تایبه‌تى له‌ بوارى كار و وه‌به‌رهێناندا، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتیى شانشینى یه‌كگرتوو له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە