نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه

پەیامی کورد     ...     نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌

به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2021/9/22 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئۆسكار ڤوستنگه‌ر باڵیۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عیراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و له‌مێژینه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌مسا كرا و خواستى هاوبه‌شیان بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌رفه‌تى كار و وه‌بەر‌هێنانى نه‌مساییدا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق. باڵیۆزى نه‌مسا هه‌روه‌ها خۆشحاڵی خۆى به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ستایشى ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ تێكشكاندنى داعشدا كرد.

هه‌ردوولا تیشكیان خستە‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى شاندێكى بازرگانی نه‌مسایى كه‌ به‌ یاوه‌ری باڵیۆزى نه‌مسا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ و دوێنێ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانان و كۆمپانیاكانى هه‌رێمى كوردستان دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان هه‌بووه‌ و له‌ ده‌رفه‌تى كار و هاریكاری هاوبه‌ش و سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانینان كۆڵیوه‌ته‌وه‌ و هیوایان خواست ببێته‌ هه‌نگاوى گه‌ڕانه‌وه‌ى كۆمپانیا نه‌مساییه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ستایشى دۆستایه‌تى و پشتگیری نه‌مسا له‌ گه‌لى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ یارمه‌تییه‌كانى نه‌مسا كرد به‌تایبه‌تیش كاتێك حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو یه‌كێك بوو له‌و ووڵاتانه‌ى یه‌كه‌مجار ده‌رگاى به‌ ڕووى په‌نابه‌رانى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانی هێڵى ئاسمانی نه‌مسایى له‌نێوان هه‌ولێر و ڤییه‌ننادا به‌ پردێكى گرینگی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جیهانى ده‌ره‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چالاكییه‌كانى نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڤییه‌نا، په‌تاى كۆڤیدـ19 له‌ هه‌رێمى كوردستان و نه‌مسا و چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، شه‌ڕى دژى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ووڵاتانى دراوسێ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە