نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵاى ئه‌مریكى كۆبووه‌وه
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵاى ئه‌مریكى كۆبووه‌وه
ئێواره‌ى چوارشه‌ممه ٢٠٢٣/٦/٢١ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى باڵاى ئه‌مریكى به سه‌رۆكایه‌تی خاتوو دانا سترۆل جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگری ئه‌مریكا بۆ کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد كه ژه‌نه‌راڵ ماكفارلان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا و ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكاران و به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى به‌رگری و باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له به‌غدا و كونسوولخانه‌ى گشتییان له هه‌ولێر پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش، چاكسازییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و هه‌نگاوه‌كانى یه‌كخستن و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه هێشتا داعش له عێراق و سووریا هه‌ڕه‌شه‌یه و جه‌ختیان له گرینگی به‌رده‌وامی هاوكاری هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعش كرده‌وه بۆ پاراستنى ئه‌و ده‌سكه‌وته ئه‌منییانه‌ى به‌ده‌ست هاتوون. له‌مباره‌یه‌وه شاندى ئه‌مریكا پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رده‌وامیى یارمه‌تیدان و پشتگیرى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.
هه‌ردوولا پێویستی و گرینگی به‌رده‌وامی كار و هه‌وڵى زیاتریان بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستن و یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه دووپات كرده‌وه. له‌مباره‌یه‌وه شاندى ئه‌مه‌ریكى سوپاس و پێزانینیان پێشكه‌ش به سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ هه‌وڵ و كۆشش و ڕۆڵى كاراى له پرۆسه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی پشتگیرى ئه‌مریكایان بۆ پرۆسه‌كه دووپات كرده‌وه و سڵاو و ڕێزى وه‌زیرى به‌رگری ئه‌مریكای سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گه‌یاند.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سوپاسالارى پێشمه‌رگه و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده بوون.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە