نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا كۆبووه‌وه‌‏

پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا كۆبووه‌وه‌‏

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/6/28  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ‏فه‌رمانده‌ى گشتی هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، ‌پێشوازى له‌ ژه‌نه‌راڵ جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا و شاندێكى باڵاى سه‌ربازی یاوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ‏به‌ڕێزان وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ و سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ و پله‌دارانى ‏پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بوون، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دوایین هه‌نگاوه‌كانى ‏یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه و پێشنیارێكى ئه‌مه‌ریكییه‌كان ‏له‌مباره‌یه‌وه،‌‌ تاوتوێ كران.‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان ‏دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌و پشتگیرى و هاوكارییه‌ى له‌ كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا و ئێستاش ‏پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له‌ پشتگیریى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان و ‏حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ پرۆسه‌ى چاكسازیى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.‏

لاى خۆیه‌وه‌ ژه‌نه‌رال برێنان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتگیرى و یارمه‌تیدانى ‏پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژێر چه‌ترى وه‌زارەتى پێشمه‌رگه‌ و یه‌ك فه‌رمانده‌ییدا ‏كۆبكرێته‌وه‌ و بكرێته‌ هێزێكى نیشتمانی پیشه‌گه‌ر كه‌ به‌ هێز و توانا بێت و بتوانێت ئه‌ركى خۆى ‏جێبه‌جێ بكات. ‏

دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و پێویستی هاریكاری نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى ‏عیراق و به‌رده‌وامی پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏
 


ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە