نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامه‌یه‌كى له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیاوه‌ پێده‌گات

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامه‌یه‌كى له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیاوه‌ پێده‌گات

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى نامه‌یه‌كى له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا بۆریس جانسن ه‌وه‌ پێده‌گات كه‌ تیایدا پابه‌ندی ووڵاته‌كه‌ى به‌ سه‌قامگیری درێژخایه‌نى عیراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ و دوا سه‌ردانەکەى بۆ له‌نده‌ن وه‌ك ده‌رفه‌تێكى گرینگ بۆ تاوتوێكردنى هاریكاریى نێوان هه‌ردوولا له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات.

له‌ ووڵامى نامه‌یه‌كى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستاندا، سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا ده‌نووسێت: “خۆشحاڵ بووم کە ئەیلوولی ڕابردوو لە لەندەن میوانداریم کردن، دوای ئەوەی ساڵى ٢٠١٥ سەردانی هەولێرم کرد. بەریتانیا هاوبەشیمان زۆر بەرز دەنرخێنێت و پابەندی سەقامگیری و ئاسایشی درێژخایەنی عیراق و هەرێمی کوردستانی عیراق دەمێنێتەوە.”

سه‌رۆك وه‌زیران جۆنسۆن هه‌روه‌ها بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى نووسیویه‌تى: “دیدارەکه‌مان دەرفەتێکی گرینگ بوو بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندیی نزیکمان و تاوتوێکردنی ئەو هاوکارییە زۆر گرینگەی کە دژ بە داعش هەمانە، هەروەها بۆ ڕاگۆڕینەوەمان لەبارەی پرسە ناوچەیییەکانەوە.”

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى نامه‌كه‌دا نووسیویه‌تى: “بە بیستنی باشتربوونی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا زۆر خۆشحاڵ بووم. هه‌روه‌ها بەریتانیا پشتگیری لە خواستی بەڕێزتان بۆ چاکسازی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا دەکات.”


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە