نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى فه‌ره‌نسا، دۆخى عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى فه‌ره‌نسا، دۆخى عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ میانەى دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئێریك شۆڤالیێ، باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عیراق، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عیراق به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه.

له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و ده‌رفه‌ته‌كانى بره‌ودان به‌ هاریكاری هاوبه‌شى نێوانیان كرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ستایشى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ڕۆڵى فه‌ره‌نسا و بایه‌خدانى به‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه‌ به‌تایبه‌تى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعشدا.

مه‌ترسییه‌كانى داعش و زیادبوونى كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كانى چ له‌ عیراق و چ له‌ سووریا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جیددییه‌ له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو. تیایدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پێویستی هه‌ماهه‌نگى و هاوكاری ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پشتگیری كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كرده‌وه‌.

دۆخى ئێزدییه‌كان و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وى شه‌نگال، قه‌یرانى سیاسى له‌ عیراق دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان، بڕیاره‌كانى دادگاى باڵاى فیدرالی عیراق ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق و كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌وشى ناوخۆ و گرینگی یه‌كڕیزى و یه‌ك هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان له‌ به‌غدا، دۆخى سووریا و دوایین پێشهاته‌كانى ئۆكراین، چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوون كه‌ شه‌وى ڕابردوو به‌ ئاماده‌بوونى كونسوولى گشتی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو.

 


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە