نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى پرۆسه‌ى سیاسى تاوتوێ ده‌كه‌ن

پەیامی کورد     ...   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى پرۆسه‌ى سیاسى تاوتوێ ده‌كه‌ن

 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم، جه‌ختیان له‌ ڕۆڵ و ئاماده‌یى و پێگه‌ى هه‌ردوو پێكهاته‌ى كورد و سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ى سیاسی عیراقدا وه‌ك دوو هاوبه‌شى سه‌ره‌كى له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ى شیعه‌ و پێكهاته‌كانى دیكه‌دا‌، هه‌روه‌ها له‌ گرینگی هاوكارى و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌شى نێوان هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ هه‌نگاونانى پێویست له‌ پرۆسه‌ى سیاسیدا و دامه‌زراندنى حكوومه‌تێك كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ى لایه‌ن و پێكهاته‌ عیراقییه‌كان و ووڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و داوكاری هاووڵاتیان بێت له‌ دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى و خزمه‌تگوزارى و ژیانێكى باشتر.

له‌ دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانى ، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى هاوپه‌یماینى ته‌قه‌دومدا كه‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/12/7 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌روه‌ها باسیان له‌ دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى تیرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى داعش كرد به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى بۆشایی ئه‌منى له‌نێوان سوپاى عیراق و پێشمه‌رگه‌دا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك شه‌هیدى له‌ ڕیزه‌كانى سوپا و پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیاندا لێكه‌وته‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرینگى و پێویستی كاراكردنى زیاتر و خێراى میكانیزمى هه‌ماهه‌نگی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وى تیرۆرستان و تێكشكاندیان، هه‌روه‌ها ڕاسته‌ڕێبوونى پرۆسه‌ى سیاسى و ئارامى و سه‌قامگیری سیاسییان له‌ ووڵات، به‌ پێویستییه‌كى له‌پێشینه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا له‌ قه‌ڵه‌م دا.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە