نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى تازه‌ى ئه‌مریكا كرد

پەیامی کورد    ...    نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى تازه‌ى ئه‌مریكا كرد

ئێواره‌ى پێنجشەممە 2022/6/16 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی تازەی ئەمریكا لە عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ خاتوو ڕۆمانۆسكى كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى سیاسی عیراق و پێشبینییه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ ووڵات و تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌، خسته‌ ڕوو.

هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكایان له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و جه‌ختیان له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكاری هاوبه‌ش دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌مریكیدا له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێویسته‌ هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هاریكار بن بۆ دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى ده‌ر‌چوون له‌ چه‌قبه‌ستوویى و بەربه‌ستى سیاسى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان و دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیری سیاسى و ئه‌منى له‌ ووڵات.

گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر عیراق و هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ ڕۆبێرت پاڵادینۆ، كونسوولى گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.


ئەم بابەتە 12013 جار خوێندراوەتەوە