نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مریكى کرد

پەیامی کورد     ...    نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مریكى کرد

ئێواره‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 2022/4/13 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مه‌ریكى به‌ سه‌رۆكایه‌تی جۆوى هوود جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كرد.

له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسی عیراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، مه‌ترسییه‌كانى داعش، دۆخى ناوچه‌ى شه‌نگال و بارى ئابوورى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرینگی تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق و ده‌رچوونى له‌ دۆخى چه‌قبه‌ستوویى و پێكهێنانى حكوومه‌تێك كه‌ ووڵامده‌ره‌وه‌ى داواكارى و خواسته‌كانى هاووڵاتیان و ته‌واوى پێكهاته‌كانى ووڵات بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرینگی ته‌بایى و یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كرده‌وه‌.

 جۆوى هوود سوپاسى نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ په‌یوه‌ندى و ئه‌و هاریكارییه‌ى له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا له‌گه‌ڵ یان و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یبووه‌ و جه‌ختى له‌ په‌یوه‌ندی به‌هێز و به‌رده‌وامی دۆستایه‌تى و هاوبه‌شى و پشتیوانی ئه‌مریكا بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكار و به‌رپرسان له‌ كونسوولخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، پرسه‌كانى ئازادى ڕاده‌برین، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا، پێشهاته‌كان له‌ ئۆكراین و دۆخى ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى خرایه‌ به‌ر باس.

له‌ دوا ته‌وه‌رى دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ جۆوى هوود خواست كه‌‌ بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیك و له‌ پۆستێكى تازه‌ى دیپلۆماسیدا، ده‌ست به‌كار بێت.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە