نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسوولى چیك كرد

پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسوولى چیك كرد

به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/4/12  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ كارێل كۆرتانێك كونسوولى گشتی تازه‌ى كۆمارى ‏چیك له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.‏

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزبایى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هیواى ‏سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو هاریكارى و پشتگیرییه‌كى بۆ سه‌رخستنى ‏ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ‏له‌گه‌ڵ كۆمارى چیك دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگیرى و یارمه‌تییه‌كانى ‏كۆمارى چیكى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعش له‌ چوارچێوه‌ى ‏هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا كرد.‏

لاى خۆیه‌وه‌ كونسوولى گشتی تازه‌ى كۆمارى چیك، وێڕاى ده‌ربڕینى ‏خۆشحاڵی خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ‏ووڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و ‏هه‌موو هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى ‏بواره‌كانى هاریكاری نێوانیان.‏

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ‏ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى چیكى له‌ هه‌رێمى كوردستان، دوایین پێشهاته‌كانى ‏دۆخى سیاسى له‌ عیراق، دۆخى شه‌ڕ له‌ ئۆكراین و لێكه‌وته‌كانى و پێشهاته‌كانى ‏ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.‏


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە