نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن دەكات

پەیامی کورد   ...  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن دەكات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 22/8/2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سوزوكی كۆتارۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندێکی یاوه‌ری کرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەكانی ژاپۆن لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.

باڵیۆزی ژاپۆن دووپاتی كردەوە كە ووڵاتەكەیان لە پشتگیری و هاریكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و ستایشی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لە نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و یەكڕیزی نێوانیان بەرز نرخان.

لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی ژاپۆنی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا كرد و بەتایبەتی ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد و هیوای بەردەوامی بۆ كار و چالاكییەكانی ژاپۆن و برەودانی پەیوەندییەكانی هەردوولا، خواست.

دۆخی سیاسی عێراق و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەكان، ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە بەگشتی و هەڕەشەی تیرۆر، پرسی ئاوەدانكردنەوە و ئەو سێكتەرانەی كە ژاپۆن دەتوانێت كاریان تێدا بكات و هاندانی كەرتی تایبەت، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوە بوو.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە