نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ‏ڕۆژئاوا کرد

پەیامی کورد   ...  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ‏ڕۆژئاوا کرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 23/8/2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان، پێشوازی لە محەمەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ‏ڕۆژئاوای كۆماری ئیسلامی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.‏

لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، ‏ئاسانكاری و هەماهەنگی زیاتر بۆ پەیوەندی ئابوورى و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ‏هەردوولا و هاتووچۆی زیارەتكارانی شوێنە ئاینییەكان و گەشتیارانى ئێران بۆ عێراق ‏لە دەروازە سنوورییەكانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، تاوتوێ كران.‏

شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دەرفەتی دیدار ‏لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی نیشان دا و دووپاتیان كردەوە كە بۆ زیاتر ‏بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەكان، هەموو هەوڵێك دەدەن و هه‌موو ‏ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.‏

لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە سەر پەیوەندییە دێرینەكانی ‏نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەكاندا و جەختی ‏لە بەرەوپێشبردنی زیاترى پەیوەندییەكان كردەوە، هه‌روه‌ها دیدی هەرێمی ‏كوردستانی لەمبارەیەوە خستە ڕوو كە لە بوارە جیاوازەكاندا خوازیارى‌ باشترین ‏پەیوەندی و هاوكاری و هاریكارییه‌ لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ.‏

تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی ناوچەكە بەگشتی و چەند بابەتێكی جێی بایەخی ‏هاوبەش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو كە پارێزگاری هەولێر، سەرۆكی ‏ئیدارەی سۆران و سه‌رکونسوولی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ئامادەی ‏بوون.‏


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە