نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا دەكات

پەیامی کورد      ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/2/2022  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماریزیۆ گریگانتێ باڵیۆزی نوێی ئیتالیا له‌ عیراق کرد.

لە دیدارێكدا گریگانتێ خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەكاربوونی لە عیراق دەربڕی و پوختەیەكی لە كار و پرۆگرامەكانی داهاتووی پێشكەش كرد، هەروەها جه‌ختی له‌ په‌ره‌پێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی ووڵاتەكەی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان کرده‌وه‌.

دوایین پێشهاته‌کانی شه‌ڕی دژی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانی داعش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوو. تیایدا باڵیۆزی ئیتالیا ڕۆڵی پێشمەرگەی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێکشکاندنی داعش، بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی بەڕێز گريگانتێ، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و پشتگیری خۆی بۆ پرۆگرامەكانی نیشان دا، هه‌روه‌ها خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیتاڵیا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا، دووپات کرده‌وه‌.

هەروەها تیشكی خستە سەر دۆخی ئەمنی و سیاسی عیراق و لەمبارەیەوە جه‌ختی له‌ گرینگی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگەی لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی تیرۆر کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی هه‌رێمی کوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور نیشان دا.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە