نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە ڕێوڕەسمى دەستبەکاربوونى پارتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتی ئاشووری دا کرد

پەیامی کورد      ...   نێچیرڤان بارزانی  سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە ڕێوڕەسمى دەستبەکاربوونى پارتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتی ئاشووری دا کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/9/13  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ئاهەنگى ئایینی دەستبەکاربوونى قەداسەتى پارتریارک مار ئاواى سێیەم، پارتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتی ئاشووری دا کرد کە لە کەنیسەى مار یووخەنناى مەعمەدان لە عەنکاوە بەڕێوە چوو.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى لە قەداسەتى پارتریارک مار ئاواى سێیەم، پارتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. قەداسەتى پارتریارک و کەنیسەى ڕۆژهەڵاتی ئاشووری سوپاسى بەشدارى و پشتگیری سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ـ یان کرد، هەروەها سوپاسى سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکانیان کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارى و ئاسانکارییانەى بۆ میواندارى و سەرخستنى ڕێوڕەسمەکە، پێشکەشیان کردووە.

دواى ڕێوڕەسمەکەش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانان سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ووتى:

“ئەمڕۆ هاتبووین بۆ پیرۆزباییكردن لە پاتریاركی نوێی كەنسیەی ئاشووری لە جیهان، پیرۆزباییمان لێكرد. بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەمیشە ئەو پێکەوەژیانە تابلۆیەكی جوانی هەموو ئەو پێكهاتانەیە كە لە هەرێمی كوردستان دەژین، بۆیە ئەمڕۆ هاتین بۆ ئێرە و پیرۆزباییمان لێكرد، هیوای سەركەوتن و تەمەندرێژیمان بۆ خواست، پەنا بە خوا سەركەوتوو دەبێت”.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەیامیان بۆ مەسیحییەکان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:

“پەیامی ئێمە بۆ هەموو خوشك و برایانی مەسیحیمان ئەوەیە عیراق بە شێوەیەكی گشتی بەو تابلۆیەی پێکەوەژیان جوانە كە هەموومان پێکەوە لەو وڵاتە دەژین، هیوادارین ئەوان لەو وڵاتە بمێننەوە و هەموومان پێکەوە و بە خۆشی بتوانین بۆ خزمەتی ووڵات و پێشكەوتنی، كار بكەین”.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە