نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان دۆخى ئەمنی لەگەڵ وەزیرى ناوخۆى عێراق تاوتوێ دەکات

پەیامی کورد     ...   نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان دۆخى ئەمنی لەگەڵ وەزیرى ناوخۆى عێراق تاوتوێ دەکات

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/24 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە عوسمان ئەلغانمى، وەزیرى ناوخۆى عێراق کرد.

لە دیدارێکدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانى عێراق، کار و ئەرکى هێز و دەزگا ئەمنییەکان بۆ پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شارەکان، خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەى چەند پارێزگایەکى عێراق، مەترسی سەرهەڵدانەوەى تیرۆر، هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراق بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شەنگال و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەشیان تاوتوێ کرد.

هەردوولا جەختیان لە پێویستیى پابەندى بە جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى شەنگالەوە لەگەڵ خێراکردنى هەنگاوەکانی بە هاریکارى و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندارەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراق کردەوە و هاوکاری هاوبەش و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراقیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى مەترسیەکانى داعش بە گرنگ و پێوست زانى.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە