نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ سووریا کۆبووەوە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ سووریا کۆبووەوە
پێشنوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/4/18 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە دەیڤید براونشتاین، جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ سووریا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە کونسولى گشتی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سووریا بەگشتى و ئەرکى ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژى داعش، ئامادەیی هێزە نێودەوڵەتییەکان، دۆخى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا، گرینگی سەقامگیرى، گفتوگۆى لایەنە کوردییەکان و پرسى کورد لەو ووڵاتە تاوتوێ کرا.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە چارەسەریى دۆخى ئاڵۆزى سووریا بە شەو ڕۆژێک ناکرێت و ڕێگەى سەربازى چارەسەر نییە، دەبێ کێشەى سووریا لە ڕێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت. دەربارەى پرسى کوردیش لەو ووڵاته ڕوونیکردەوە کە پرسى کورد دەبێ لە چوارچێوەى سووریادا چارەسەر بکرێت.
دەربارەى ئەرکى ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، بەڕێز براونشتاین جەختى لەوە کردەوە کە هێشتا داعش لە سووریا مەترسییەکى ڕاستەقینەیە و بۆ ئەوەش ئەمریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە هاوکارى و پشتیوانیکردنى هێز و لایەنە هاوپەیمانەکانى لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بەردەوام دەبێت.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە