نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماری تورکیا کرد

پەیامی کورد     ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماری تورکیا کرد

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/9/6 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماری تورکیا CHP بە سەرۆکایەتی ئۆغوز کائان سالیجى، جێگرى سەرۆکى پارتەکە کرد.

لە دیدارێکدا شاندەکە باسى لە ئامانجى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە، بە دیالۆگ و لێکگەیشتنى نێوان گەلان و پێکهاتەکان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پارەتەکەیان جێبەجێکردنى ڕوانگەیەکى دوورمەوداى لەسەر ئەو بنەمایە دەست پێکردووە و هیواى خواست پەیوەندی باش و لەسەر بنەماى بەرژەوەندی گەلانى ناوچەکە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پێکهاتەکانى بنیات بنێن و پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکەدا بکەن، هەر لەمبارەیەوە ئاماژەى بە گرینگی ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان کرد.

لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرینگی دیالۆگ و لێکگەیشتن و بیروبۆچوونى هاوبەش و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە لەسەر بنەماى یەکترقبووڵکردن و نەهێشتنى ئینکار کردەوە و ئەم سەردانەی وەک سیاسەتێکى تازەى CHP لە قەڵەم دا. هەروەها سوپاسى تورکیاى کرد کە هەمیشە لە تەنگانەدا یارمەتیى خەڵکى کوردستانى داوە و ئاماژەى بە هاوکاری تورکیا لە کاتى ئۆپراسیۆنەکانى ئەنفالى 1988دا کرد کە دەرگاکانى بەڕووى خەڵکى کوردستاندا کردەوە و یارمەتی دان. دەربارەى ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستانیش دووپاتى کردەوە کە وەک هەمیشە بە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى دەمێنێتەوە.

دۆخى گشتى و هەڵبژاردانەکانى داهاتووى عیراق، مەترسییەکانى داعش و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى ناوچەکە، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە