نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسوولى ئوردن کرد

پەیامی کورد      ...   نێچیرڤان بارزانی  سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسوولى ئوردن کرد

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/10/25 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە فوئاد ئەلمەجالى، کونسولى گشتی تازەى شانشینى ئوردنی هاشمى لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن، پشتیوانى بۆ سەرکەوتنى کار و ئەرکەکانى دەربڕى، هەروەها سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیری بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵلاى دووەم شاى ئوردن لە کاتە سەختەکاندا، دووپات کردەوە.

لاى خۆیەوە کونسولى گشتی ئوردن وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى بە دەستبەکاربوونى، دووپاتى کردەوە کە بە پەرۆشییەوە بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان دەڕوانێت.

هەردوولا هاوڕا بوون کە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئوردن مێژوویین و بەهاى هاوبەش کۆیاندەکاتەوە و دەرفەتى فراوانکردنى بوارەکانى پەیوەندى و هاریکاری هاوبەشیان زیاترە کە سوودى بۆ هەرێمى کوردستان، عیراق و ئوردن دەبێت.

هەڵبژاردنەکانى عیراق، هەوڵەکان بۆ دامەزراندنى حکوومەتى داهاتووى فیدراڵ، پەتاى کۆڤید_19 و لێکەوتەکانى، پرۆسەى کوتان بە ڤاکسینى دژە پەتاکە، کار و چالاکی ڕەوەندى ئوردنى لە هەرێمى کوردستان و پرسى سەقامگیرى لە ئوردن و عیراق و ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە