نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان : سەردانی پاپا رووداوێکی مێژوویی مەزنە و جێگای ئەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان : سەردانی پاپا رووداوێکی مێژوویی مەزنە و جێگای ئەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رایگەیاند، سەردانی پاپا رووداوێکی مێژوویی مەزنە و جێگەی ئەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییە، ووتیشی، "ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین، بڕوای تەواومان بە ئازادی و فرەئایینی هەیە".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رایگەیاند، "بەناوی هەرێمی کوردستانەوە زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی قەداسەتی پاپا فرانسیس دەکەین، سەردانیان رووداوێکی مێژوویی مەزنە و جێگەی ئەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییە، ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین، بڕوای تەواومان بە ئازادی و فرە ئایینی هەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردنی نێوان پێکهاتەکان، ناسنامە و کولتەوری کوردستانییانە، ووتیشی، "بە هەموو توانایەکمانەوە بەرگری لەو پێکەوەژیانە دەکەین و هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین".
بەیانی ئەمڕۆ پاپای ڤاتیکان لە بەغدای پایتەختەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان و مهسروور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان و بهرپرسانی دیكهی ههرێم پێشوازی لێكرا.
پاپا فرانسیس لەهۆڵی فڕۆکەخانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە ئاینییەکان کۆدەبێتەوە، دوای کۆبوونەوەکان بەرەو مووسڵ بەڕێدەکەوێت و دەچێتە ناوچەی هەبووت و دوای گەیشتنی لە کەنیسەی مووسڵ نوێژ بۆ قوربانیانی شەڕی داعش دەکات.
بەپێی خشتەی سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، دوای مووسڵ دەچێتە قەرەقۆش و لەکەنیسەی تاهیرە ئەلکوبرا بەشداری لە رێوڕەسمێکی ئایینی دەکات و ووتارێک پێشکەش دەکات.
هاوکات بۆ نیوەڕۆ پاپا فرانسیس دەگەڕێتەوە هەولێر و کاتژمێر 16:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یاریگای فرانسوا هەریری هەولێر بە بەشداری 10 هەزار کەس گەورەترین رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە بەڕێوەدەبات.
ئەم بابەتە 12011 جار خوێندراوەتەوە