نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی فەڕەنسا دەکات

پەیامی کورد      ...   نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی فەڕەنسا دەکات

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ووتی، بڕیارە سبەی سەرۆکی فەرەنسا بگاتە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ بکرێت. گوتیشی، مەبەست لە ھاتنی سەرۆکی فەرەنسا ئەوەیە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ھەرێم دووپات دەکاتەوە.

عەلی دۆڵەمەڕی ڕایگەیاند : "دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراقی کرد، بڕیارە سبەی بە سەردانێکی فەرمی بگاتە ھەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی ھەولێر لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی ھەرێمەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.''

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتیشی: "مەبەستی ھاتنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەیە کە پێگەی ھەرێمی کوردستان گرنگە و لەلایەن فەرەنساوە زۆر گرنگی بە کورد دەدرێت، چونکە ئێستا تا ڕادەیەک دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست باش نییە و دۆخی ئەفغانستانیش زۆر خراپە، بۆیە سەرۆکی فەرەنسا دێتە ھەرێمی کوردستان تا پشتگیری خۆی بۆ ھەرێم دووپات بکاتەوە کە ھەمیشە پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان بووە.''

دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەی سەرۆکی فەرەنسا لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت و کۆ دەبنەوە، چاوی بە سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت و دوای ئەو کۆبوونەوانە  سەردانی خانەوادەی شەھیدان دەکات و دواتر دەچێتە مووسڵ و ھێزەکانی خۆیشیان لە ھەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە.''

دۆڵەمەڕی باسی لەوەش کرد: "فەرەنسا پشتگیری لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە وادەی خۆیدا دەکات و دڵنیاییش دەداتە ھەرێمی کوردستان کە ھەمیشە پاڵپشتیان دەبێت و پشتگیرییان دەکات.''


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە