نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگارى نه‌ینه‌وا كرد

پەیامی کورد     ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگارى نه‌ینه‌وا كرد

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/9/4  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ نه‌جم ئه‌لجبوورى، پارێزگارى نه‌ینه‌وا كرد.

له‌ دیدارێكدا دۆخى گشتی نه‌ینه‌وا و بارى ئاسایش و خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئابوورى و پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگاى نه‌ینه‌وا تاوتوێ كران و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پێویسته‌ دۆخى شه‌نگال له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عیراقدا، چاره‌سه‌ر بكرێت.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پشتگیری هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌رك و هه‌نگاوه‌كانى پارێزگار و ئیداره‌ى نه‌ینه‌وا بۆ دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى و چالاكی ئابوورى و كارى مرۆیى و پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ ئاواره‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ خواست و بڕیارى خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ مووسڵ و ناوچه‌كانى دیكه‌ى نه‌ینه‌وا، پاش ئه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كانیان جێگیر ده‌بێت.

دۆخى سیاسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تیرۆر و كرده‌وه‌كانى داعش له‌ ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە