نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد      ...   نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکیتی ئافرەتانی کوردستان

بە بۆنەی ٦٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە تێکۆشەرەکەتانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

یەکیتی ئافرەتانی کوردستان وەک یەکەمین ڕێکخراوی ئافرەتانەی پێشەنگ کە لە هەناوی شۆڕش و خەباتی گەلەکەماندا  درووست بووە، خواستە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستانی لەگەڵ داوا ڕەواکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا ئاوێتە کردووە و ڕۆڵێکی گه‌وره‌ى لە هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستن و یەکخستنی تواناکانی ئافرەتاندا گێڕاوە.

یەکیتی یەکەتان هەم لە گۆڕەپانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و هەم لە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییدا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان، مێژوویەکی گه‌شى تۆمار کردووە، بۆتە قوتابخانەیەکیش بۆ  هاندان و پتەوکردنی بڕوابەخۆبوونی ئافرەتان و پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و تێکۆشەر و سەرکردە.

ئەمڕۆش یەکیتی ئافرەتانى كوردستان هاوشانی ڕێکخراوەکانی دیکەی داکۆک لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتان، لە ڕۆڵ و ئەرکە مەدەنی و یەکسان خوازییەکەی بەردەوامە و دڵنیام پاڵپشت به‌ پاشخان و ئەزموونه‌كه‌ى، لە ئەرکەکانی ئەم سەردەمەشیدا سەرکەوتوو ده‌بێت.

لەم یادەدا وەک هەمیشە پشتیوانی بۆ خەبات و ئەرک و ئامانجه‌كانتان دووپات دەکەمەوە، هیوادارم لە  تێکۆشانتان بۆ  بەرگری لە مافە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و  سەرخستنی بیر و کولتووری یەکسانی لە کۆمەڵگەدا، سەرکەوتوو بن.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە