نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەێندراوێکی تووند بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد      ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەێندراوێکی تووند بڵاو دەکاتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە هێرش و پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت.
لە ڕاگەیندراوێکدا دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی ڕابردووى تيرۆرستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤيل ده‌كه‌ين كه‌ لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژماره‌يه‌ك پێشمەرگەى قاره‌مان و برینداربوونی ژماره‌يەکی دیکەیان له‌ كاتى ئۆپه‌راسيۆنى ڕاونانى تيرۆرستاندا".
ئاماژەى بەوەشکردوە، هێرش و پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت.
نێچیرڤان بارزانی جەخت لەسەر پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازييه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی پێشمەر گە دەکات بەتایبەت بۆ هەماهەنگی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە.

سەرۆکى هەرێم باسی لەوەشكردووە، لە ڕووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانیی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین.

شەوى رابردوودا چەکدارانى داعش لە بناری قەرەچووخ و لەسنوری مەخمور هێرشیان کردە سەر گوندێک و سێ هاوڵاتیان شەهید کرد، دواتریش پێشمەرگە چووە ناوچەکەو لە شەڕو پێکداداندا لەگەڵ داعش نۆ پێشمەرگە شەهید بوون.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە