نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ كۆبووه‌وه‌

 له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن، ئێواره‌ى شەممە 2025/2/15 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارک ڕۆته‌، سکرتێری گشتی پەیمانی باکووری ئاتڵه‌نتیك (ناتۆ)، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و گرینگی بەهێزکردنی په‌یوه‌ندی و هاوکاری ناتۆ له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکاندا، تاوتوێ كرا.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری ناتۆ لە بواری بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و جەختی لەسەر گرینگی بەردەوامی ئەم پشتگیرییە لەپێناو پاراستنى سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا، کردەوە.

لاى خۆیەوە مارک ڕۆته،‌ پابەندی ناتۆی بۆ بەردەوامی پشتگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرینگی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمى كوردستاندا کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان له‌ ناوچه‌كه‌.

دۆخی سووریا و پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، لایه‌نێكى دیكه‌ى گفتوگۆکانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە