نێچیرڤان بارزانی ووتارێکی تایبەت بە کۆمەڵکوژ کردنی یەزیدی یان بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی ووتارێکی تایبەت بە کۆمەڵکوژ کردنی یەزیدی یان بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ لە گوندی کۆچۆ رووفاتی 104 کوردی ئێزدی کە بە دەستی داعش کۆمەڵکوژ کرابوون، بەخاکسپێردران. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ رزگارکردنی هەموو رفێندراوانی ئێزدی.
دەقی گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن نەوزاد هادییەوە خوێندرایەوە:
ئامادەبووانی بەڕێز،
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانییانی دەستی تیرۆر،
خوشک و برایانی خۆشەویستی ئێزدی..
سڵاوتان لێ بێت..
ئەمڕۆ هەموومان لێرە پێکەوە بە ڕێز و شکۆوە لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە ڕوفاتی (١٠٤) قوربانیی ئێزیدیی خەڵکی کۆچۆدا بەشدارین، کە لە یەکێک لە سامناکترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوونە قوربانیی دەستی داعشی دڕندهترین ڕێکخراوی تیرۆرستیی سەردەم.
گێڕانەوەی ڕوفاتی ئەم خوشک و برا ئازیزانهمان بۆ زێدی خۆیان، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی دیکەی خەمگینی مێژوویەکی تاڵی پڕ لە ژان و ئازاری خوشک و برایانی ئێزدیمانە کە بۆ بەرگری و لەپێناو پاراستنی خۆیان و ئایین و کولتوور و زمانیاندا، بە دەیان جار ڕووبەڕووی فەرمانە یەک لە دوای یەکەکان و کۆمەڵکوژیی لەوجۆرە بوونەتەوە.
ئێزدی، نموونەی کۆمەڵگەیەکی نەرم و لێبوردەی ژیاندۆست و مرۆڤدۆستی ئاشتیخواز و خاوەن بەهای جوان و باڵان کە دەیانەوێ لەگەڵ هەمووان، لەگەڵ تەواوی پێکهاتە و جیاوازییەکاندا، بە ئارامی و ئاشتەواییانە پێکەوە بژین. تەنیا خەریکی ژیان و بەڕێوەبردنی کاروباری گوزەرانیانن. بە درێژاییی مێژوو قوربانیی زۆر گەورەیان داوە، سەر و ماڵی خۆیان داناوە، بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە بڕوا و خواناسی و لە ئێزدییاتی و ئایینی خۆیان بکەن. هەرگیز بۆ دراوسێ و دەوروبەریان نەبوونەتە گرفت و سەرێشە، بە پێچەوانەوە، هەمیشە فاکتەری ئارامی و تەبایی و نموونەی پێکەوەژیان بوون.
ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆرستانی داعش بەرامبەر بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەنجامیان دا، نەک هەر بە تەنها هەوڵێکی کۆنەپەرستانەی لێدانی یەکێک لە دێرینترین ئایینەکانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی بوو، بەڵکوو هەوڵێکی نەزۆکی بێهوودە بوو، بۆ لێدان لە چەمک و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان لە لێبوردەیی و تەبایی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، کە مۆرکی دیار و بەرچاوی کۆمەڵگەی ئێزدین.
ڕاستە تیرۆرستان زەربەیان لەو چەمک و بەهایانە دا و ویستیان بیانسڕنەوە، بەڵام بێگومان گەلەکەمان و خوشک و برایانی ئێزدیمان بەتایبەتی، زۆر لە هەوڵانە گەورەترن و هیچ دوژمنێک لە مێژوودا نەیتوانیوە و ناتوانێت هیچ شتێک لە ویست و ئیرادەمان بۆ ژیان، بۆ مرۆڤدۆستی، بۆ پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی کەم بکاتەوە. وەک هەمیشە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵات، پێکەوە شان دەدەینە بەر ژان و ئازاری یەکتر و پێکەوە ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبینەوە، پێکەوە برینەکانمان تیمار دەکەین.
لەم ڕێوڕهسمە پڕ شکۆیە و لەم ڕۆژە خەمگینەدا، جەخت لەسەر پێکەوەژیان و تەبایی و یەکترقبووڵکردن دەکەینەوە. خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین و لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئێزدییاتی بۆ هەمیشە پارێزراو بێت، ئێزدی و هەموو پێکهاتەکان و تەواوی گەلی کوردستان لە ئێستا و داهاتووی خۆیان دڵنیا بن، ناوچە ئێزدییەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ژیان و خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاسایشیان بۆ بگەڕێتەوە، سەرفراز، دڵنیا و بێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەموو هەوڵێک دەدەین و لەسەر کارکردن بۆ بەپارێزگاکردنی شەنگال بەردەوام دەبین. لەگەڵ عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار دەکەین و هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ ئەوەی جارێکی دی کارەساتی وا بەسەر ئێزدییان و هیچ پێکهاتەیەکی دیکەدا نەیەتەوە. داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، قەرەبووی خوشک و برایانی ئێزدیمان بکاتەوە، تیرۆرستان و تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکە بە سزای یاسایی بگەیەنرێن.
هەروەها داوا دەکەین دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال جێبەجێ بکرێت و حکوومەتی فیدراڵ هەنگاوی جددی بۆ بنێت، کە خزمەتی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانکردەنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات. لەمبارەیەوە داوا دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی هاوکار و یارمەتیدەر بن.
تا ئێستا لە کۆی (٦٫٤١٧) خوشک و برای ڕفێنراوی ئێزدی، (٣٫٥٤٣)یان ڕزگار کراون و (٢٫٨٧٤)شیان ماون. دڵنیاتان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسی تەواوی ڕفێنراوان بەردەوم دەبین و هەرگیز کۆڵ نادەین.
له کۆتاییدا به ڕێز و پێزانینهوه ڕۆڵی جهنابی سهرۆک مهسعوود بارزانی و ئهو پێشمهرگه قارهمانانه به بیر دههێنینهوه که لهژێر فهرماندهییی جهنابیاندا، شهنگال و دهوروبهریان ئازاد کرد و به سهدان پێشمهرگه لهو پێناوهدا گیان بهخشی و بهر کهوتن. لە خوای مەزن داواکارین گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و بۆ ههمیشه یادیان به زیندوویی دهمێنێتهوه.
زۆر سوپاسی تیمی نێودهوڵهتیی (یوونیتاد) به سهرۆکایهتی کهریم خان دهکهین بۆ ههموو ئهو کارانهی لهسهر دۆسیای قوربانیانی ئێزدی دهیكهن، بهتایبهتیش له کهیسی ڕوفاتی ئهم قوربانیانه و ناسینهوهیان. ههروهها دهستخۆشی له هاوکاری و ههماههنگی نێوان لایهنه پهیوهندارهکانی حکوومهتی ههرێمی کوردستان و حکوومهتی فیدراڵی عێراق لهسهر ئهم کهیسه دهکهین.
زۆر سوپاس..
نێچیرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كورستان
6ى شوباتى 2021
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە