نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ڕادەگەێنێت

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ڕادەگەێنێت

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی ھاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ خەڵکی کوردستان بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەیدا دەڵێت، کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەبێ بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنەکان چارەسەر بکرێت.

دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی قوربانەوە، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە ھەموو موسڵمانان لە ھەرێمی کوردستان، عێراق و جیھان دەکەم. لە خوای مەزن داواکارم جەژن بە خێر و خۆشی بگەڕێتەوە و ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ ھەمووان لەگەڵ خۆیدا بھێنێت.

لەم بۆنە پیرۆزەدا، داکۆکی لە واتا و ماناکانی جەژن لە قوربانیدان و بەزەیی و ئاشت بوونەوە دەکەین‌. بانگەواز نوێ دەکەینەوە بۆ بەھێزکردنی گیانی لێکگەیشتن و ھاوکاری و کارکردنی ھاوبەش بۆ تێپەڕاندنی کێشە و ئاڵنگارییەکان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و دڵنیابوون لە ژیانێکی شایستە بۆ ھەموو ھاووڵاتییان.

کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، دەبێ بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنەکان چارەسەر بکرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی ووڵات بکات. کوردستانییان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و ھەموو ڕێگەچارەیەکی دەستووری دەگرینە بەر.

ھیوادارین ئەم بۆنە پیرۆزە، ببێتە ھاندەرێکی نوێ بۆ باڵادەستکردنی زمانی لۆژیک و بەرپرسیارییەتی ھاوبەش، بە شێوەیەک دڵنیایی لە داھاتوویەکی باشتر بۆ ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بدات.

جەژنی قوربان لە ھەمووان پیرۆز بێت، ھەموو ساڵێک بە خۆشی.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٥/٦/٥


ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە