نێچیرڤان بارزانی پەیامێک سەبارەت بە دۆخی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕادەگەێنێت

پەیامی کورد     ...   نێچیرڤان بارزانی پەیامێک سەبارەت بە دۆخی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕادەگەێنێت

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان رایگەیاند، ئیتر عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى تازه‌دان‌ و ئه‌نجامه‌كانى كۆتایى هه‌ر چۆن یه‌كلایى ببنه‌وه‌، "هه‌مووان براوه‌ن، هه‌مومان پێكه‌وه‌ ده‌بێت خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی هاوبه‌ش و ته‌حه‌دییه‌كانى قۆناغى داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ین".
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند، "پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى گشتی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له‌ هه‌مو لایه‌ك ده‌كه‌م، ئیتر عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى تازه‌دان‌ و ئه‌نجامه‌كانى كۆتایى هه‌ر چۆن یه‌كلایى ببنه‌وه‌، هه‌موان براوه‌ن، هه‌مومان پێكه‌وه‌ ده‌بێ خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی هاوبه‌ش و ته‌حه‌دییه‌كانى قۆناغى داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ین".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "یه‌كڕیزى، ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى، كلیلى سه‌ركه‌وتنمانه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌رى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ده‌سكه‌وته‌كان و سیستەمى فیدراڵى و قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ى ده‌پارێزێت، ئه‌ركى هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه كوردستانییه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و یه‌كڕیز، كار بۆ ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان و عیراق بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان هاوكار بین".

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "ئه‌ركى هه‌مومان له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عیراق ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕوانگه‌ و خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنێكى تازه‌ و واقعبینییه‌وه‌، به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمون و هه‌ڵه‌كانى ڕابردو، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كێشه‌كانى ووڵات چاره‌سه‌ر بكه‌ین، كار بۆ عیراقێكى سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌ران بكه‌ین كه‌ تیایدا مافه ده‌ستورییه‌كانى هه‌مو پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر و پارێزراو بن، متمانه‌، پێكه‌وه‌یی، هاوچاره‌نووسی، هاریکاری هاوبه‌ش، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ووڵات، هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌، سازان و یه‌کسانی، هه‌موومان كۆبكاته‌وه‌".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "ڕێژه‌ى به‌شدارى له‌ ده‌نگداندا په‌یامێكى ڕوونى هاووڵاتییانه‌ كه‌ چاویان له‌ ژیان و گوزه‌ر‌ان و خزمه‌تگوزاری زیاتره و مافى خۆیانه‌‌، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومان له‌ حكوومه‌ت و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ په‌ند و وانه‌یه‌ك بێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ى جیددى و بنیاتنانه‌وه‌ى متمانه‌، هه‌روه‌ها ببێته‌ هانده‌رى كار و خزمه‌تى زیاتر".

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئیتر كاتى ئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی نیشتمانی فیدراڵى که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواست و‌ چاوه‌ڕوانییه‌کانی هاوڵاتی بێت، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت به‌هێز بكات، گروپ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یاسا كۆنتڕۆڵ بكات‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و هاوبه‌شی هه‌مو پێكهاته‌كانى عیراق، پرۆسه‌ى سیاسى ڕاست بكاته‌وه و به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هه‌مووان، ووڵات به‌ڕێوه‌ ببات".


ئەم بابەتە 11999 جار خوێندراوەتەوە