نێچیرڤان بارزانی : گفتوگۆیەکی جیددی هەیە و هیچ لایەنێک نایەوێت پێکهێنانی حکوومەت دوابکەوێت
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی : گفتوگۆیەکی جیددی هەیە و هیچ لایەنێک نایەوێت پێکهێنانی حکوومەت دوابکەوێت
سێشەممە، 08-04-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندی بەشداربووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبووزەبی لە ئیمارات، بەسەر کردەوە و دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، پێکهێنانی کابینەی دەیەم، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بارودۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ووڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێكهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ووتی، گفتوگۆیەکی جیددی لە نێوان پارتی و یەکیتی هەیە و هیچ لایەنێک نایەوێت پێکهێنانی حکوومەت دوابکەوێت.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش، وەکوو ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسی کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کردووە و کێشەکە، زیاتر تەکنیکییە.
نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی شوێنێکی تایبەت بە ناوی "ڤێزێت کوردستان" لە لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبووزەبی دەربڕی، تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە، هانی وەبەرهێنەرانی بیانی بدرێت، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ووتی، من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە دینەمۆی پێشکەوتنی هەر ووڵاتێک، کەرتی تایبەتە. لەو ڕۆژەوەی دەستەی وەبەرهێنانیشمان دامەزراند، من لەو بڕوایەدا بووم، پێویستە ڕێگە بە وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بدرێت، ڕۆڵی خۆیان ببین. لە هەر وڵاتێک کەرتی تایبەت توانی ڕۆڵی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیدا ببینێت، ئەو ووڵاتە پێش دەکەوێت."
بە ووتەی نێچیرڤان بارزانی، "ئێمە لە کوردستان، زیاتر لە هەموو ووڵاتانی دیکەی جیهان، پێویستیمان بەوە هەیە، کەرتی تایبەت لەگەڵ حکوومەت، دەست لەناو دەست، زیاتر هەرێمی کوردستان ئاوەدان بکەنەوە. ئەگەر سەیری دۆخی کوردستان بکەین لەو کاتەوەی دەستەی وەبەرهێنان دامەزرێنراوە تاوەکوو ئێستا، دەبینین پێشکەوتنی باش بەدەست هاتووە. نابێت ئەو پێشکەوتنانەی بە دەست هاتوون، بەکەمی بزانین. ئەم پێشکەوتنانە بەدەست نەدەهاتن، ئەگەر کەرتی تایبەت لەگەڵ حکوومەت نەبووایە. دەمەوێت دەستخۆشییەکی گەرمی دەستەی وەبەرهێنان بکەم کە ڕۆڵێکی گەورەیان لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و و هیوامانە ، ئەم پێشکەوتنانە زیاتر ببن."
ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە