نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرـێمی کوردستان سەبارەت بە پەسەند کردنی بوودجە پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد    ...    نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرـێمی کوردستان سەبارەت بە پەسەند کردنی بوودجە پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی پەسەندكردنی بوودجه‌ى عێراقه‌وه‌، پيرۆزبايى له‌ گه‌لى عێراق و دەستخۆشی لە سەرۆكایەتى و هەموو فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەن، باوەڕیشیان وایە په‌سه‌ندكردنى بوودجە دەتوانێت سەرەتایەكی باش و هاندەرى چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ بێت، لەهەمانکاتیشدا جێبه‌جێكردنى یاساكه‌ دەبێته‌ هۆی بەهێزكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و پێكه‌وه‌ژيان و چەسپاندنی مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەمووان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی پەسەندکردنی یاسای بوودجەی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەبۆنەی پەسەندكردنی بوودجه‌ى عێراقه‌وه‌، پيرۆزبايى له‌ گه‌لى عێراق و دەستخۆشی لە سەرۆكایەتى و هەموو فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەم. هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران بەڕێز موستەفا كازمی بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان و ڕێككه‌وتن، مايه‌ى ڕيز و سوپاسن. بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان و سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانى و ئاينده‌يه‌كى باشتر، عێراق پيويستى به‌ هاريكاري هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌يى هه‌يه‌ و ده‌بێ هه‌موومان پشتيوانى له‌و ئاراسته‌يه‌ بكه‌ين".

ئەوەش هاتووە، "ده‌ستخۆشييه‌كى تایبەت لە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری حكوومەت دەكەم كە له‌گه‌ڵ ئەندامانی شاندی هەرێمی كوردستان به‌ پشوودرێژی و سه‌ركه‌وتوانه‌ دانوستاندنێكی سەختیان تێپەڕاند. دەستخۆشی لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ده‌كه‌م كە هاوكار و پشتیوانی یەكتر و شاندی حكوومەت بوون بۆ جێگیركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی عێراقدا".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو، "هیوادارین هه‌موو لايه‌ك پابه‌ندى یاساكە بن. په‌سه‌ندكردنى بوودجە دەتوانێت سەرەتایەكی باش و هاندەرى چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ بێت. جێبه‌جێكردنى یاساكه‌ دەبێته‌ هۆی بەهێزكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و پێكه‌وه‌ژيان و چەسپاندنی مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەمووان. دەرگای گفتوگۆیەكی بەرهەمدار بۆ هەموو لایەنەكان ده‌كاته‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ له‌پێناو سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشكه‌وتنى ووڵاتدا كار بكه‌ن".


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە