نەوتی عێراق : شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم خەرج دەكرێت

پەیامی کورد   ...   نەوتی عێراق : شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم خەرج دەكرێت

وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای دەكات، بۆ دابینكردنی كرێی ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری نەوت لە هەرێم كاردەكەن، بەغداد بەنووسراو دڵنیای كردوونەتەوە كە شایستە داراییەكانیان خەرج دەكرێت، ئەوەش بوەتەهۆی رەوینەوەی مەترسییەكانیان.

لە میانەی دیداری سلێمانی، حەیان عەبدۆلغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند : بەمەبەستی دابینكردنی كرێی ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لەگەڵ هەرێم دانووستانیان كردوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەمواری یاسای بوودجەیان كردوەتەوە.

لەرێگەی نووسراوێكی فەرمییەوە كە لەلایەن وەزیری داراییەوە واژوو كراوە، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دڵنیا كراونەتەوە و بەڵێنیان پێدراوە شایستە داراییەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، ئەوەش هۆكاری گەڕاندنەوەی متمانە و رەوینەوەی مەترسییەكانیان بوە.

سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، كاریگەری لەسەر رەوتی دانووستانەكانی نێوان هەردوولا و بەدیهاتنی تێگەیشتنەكانی ئەم دواییە هەبوە.
لەبەر ئەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە پشكی عێراق لەلایەن رێكخراوی ئۆپێك ەوە دەبڕرێت، ناچاربوون بەرهەم هێنانی نەوتی فیدراڵی كەم بكەینەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر پشكی هەناردە نەوتی عێراق هەبوە.


ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە