هادی عامری خەیانەت لە پارەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ دەکات
پەیامی کورد ... هادی عامری خەیانەت لە پارەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ دەکات
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، ئەو پارەیەی بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ تەرخانكراوە هادی عامری زۆرینەی بۆ ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق تەرخان كردووە.
فەھمی بورھان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە میدیای یەكێتی ڕاگەیاند، سێ رۆژ لەمەوبەر ھادی عامری سەرۆكی لیژنەی جێبەجێ كردنی ماددەی ١٤٠ لەگەڵ لیژنەیەكی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبووەتەوە و پێی راگەیاندوون، كە ئەو ١٠٠ ملیار دینارەی بۆ ماددەی ١٤٠ تەرخانكراوە، زۆرینەی بۆ ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق تەرخاندەكرێت كە بەھۆی سیاسەتەكانی بەعسەوە زیانیان بەركەوتووە.
دەشڵێت: ئەو لێدوانەی عامری پێچەوانەی بڕیارێكی ساڵی ٢٠١٨ـی دادگای فیدڕاڵییە و ئاماژەیەكی مەترسیدارە، چوونكە بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی سنووری ماددەی ١٤٠ تەنھا ناوچە كێشەلەسەرەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دەگرێتەوە.
مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق تایبەتە بە ناوچە دابڕێنراوەكان و پارێزگای كەركوك و قەزاكانی دوز خورماتوو و خانەقین و شەنگال و چەند ناوچەیەكی تری سنوری پارێزگای نەینەوا دەگرێتەوە و لەدوای نوسینەوەی دەستووری عێراقەوە تا ئێستا ئەو مادەیە جێبەجێ نەكراوە.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە