هاوشێوەی پارێزگای هەولێر لە قەزای سۆران شەقامێكی ٦٠مەتری بازنەیی درووست دەکرێت

پەیامی کورد    ....   هاوشێوەی پارێزگای هەولێر لە قەزای سۆران شەقامێكی ٦٠مەتری بازنەیی درووست دەکرێت

سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی سۆران رایگەیاند، بڕیارە ھاوشێوەی پارێزگای ھەولێر، لە قەزای سۆران شەقامێكی ٦٠مەتریی بازنەیی دروست بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئیدارەی پارێزگاكە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدان، بۆ ئەوەی شەقامەكە دروست بكرێت، ئەمەش یەكەم قەزایە كە شەقامی لەو جۆرەی لێ درووست بكرێت.

كاوە نەجم، سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی سۆران رایگەیاند : "لە ماستەرپلانی خۆماندا درووستكردنی شەقامێكی بازنەیی بە دەوری قەزای سۆراندا هەیە، كە شەقامی ٦٠مەتری پێ دەڵێن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گفتوگۆمان كردووە و داواشمان كردووە، ئێستاش لە قۆناغی رێكارەكان داین و چاوەڕێی ووڵامی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانین، بۆ ئەوەی لە پلانی خۆیانی دابنێن و پارەمان بۆ تەرخان بكەن".

ناوبراو گوتیشی، شەقامەكە خۆی ٦٠مەترییە و تێچووەكەشی بەپێی پڕۆژەكە دەبێت، كە بە چ شێوەیەك دروست دەكرێت و ئەگەر بە شێوەیەكی باش درووست بكرێت، رەنگە سەرووی ٢٠ملیار دیناری پێویست بێت، بۆیە گەر دەست بە دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە بكرێت، گرینگییەكی زۆری بۆ قەزای سۆران دەبێت، ئەمەش یەكەم قەزا دەبێت كە شەقامی بازنەیی بۆ درووست بكرێت.


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە