هاووڵاتییەکی ئێرانی لە لایەن دادگایەک لە ئەمریکا بە تاوانی کڕینی کەل و پەلی هەستیاری نیزامی و سەربازی بۆ ئێران بە تاوانبار ناساند
پەیامی کورد ... هاووڵاتییەکی ئێرانی لە لایەن دادگایەک لە ئەمریکا بە تاوانی کڕینی کەل و پەلی هەستیاری نیزامی و سەربازی بۆ ئێران بە تاوانبار ناساند
وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە هاووڵاتییەکى ئێرانى بە تۆمەتى پێشێلکردنى گەمارۆوەکان و داڕشتنی بەرنامە بۆ هەناردەکردنى کەل و پەلی هەستیارى سەربازى بۆ ئێران، دادگایی کرا.
دوێنێ هەینى ٧ی مەی ٢٠٢١ ، ئەم وەزارەتە بە ڕاگەیاندنى ئەوەى کە دەستەى دادوەرى فیدراڵ، لەپەیوەندى لەگەڵ ئەم پیاوە بڕیاریان داوە "مێهرداد ئەنسارى تەمەن ٣٩ ساڵە و خاوەنى کۆمپانیاى (Gulf Gate Sea Cargo LLC) لە دوبەى، کە ویستوویەتى بارێکى کەل و پەلی هەستیارى سەربازى لەگەڵ دوو تۆمەتبارى دیکە بە ناوەکانى سووزان ییپ ـى خەڵکى تایوان و مێهرداد فوومەنى ـى خەڵکى ئێران، هەناردەى ئێران بکات".
لەسەر بنەماى بەیاننامەکە، " کەل و پەلە هەناردەکراوەکان تایبەت بوونە بە کەرەستەى سەربازى و مەدەنى و توانراوە بۆ سیستەمگەلى وەک چەکى ئەتۆمى، ئاراستەکردن و پەرەپێدانى تەکنۆلۆژیاى مووشەک، پەیوەندى ڕادیۆیی تاکتیکى ئەمن، شەڕى ئەلیکترۆنی هێرشبەرانە، کردەوەى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەلیکترۆنى سەربازى (وەستاندنى ڕادیۆ) و سیستەمگەلى هۆشدارى و چاودێریی ڕادارى، بەکار بهێنرێن".
بە پێی ووتەکانی وەزارەتى دادوەرى، "ئەنسارى لە نێوان ساڵەکانى ٢٠٠٧ تا ٢٠١١ى زایینى لەگەڵ دوو هاودەستى دیکەى، هەوڵى داوە ١٠٥ پارچە کەل و پەل بە بەهاى ٢ ملیۆن و ٦٣٠ هەزار و ٨٠٠ دۆلار لە ١٢٥٠ مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەدەست بهێنێت". دەوترێت تۆمەتباران ٥٩٩ مامەڵەى نایاسایی و بێ ڕێگەپێدانى دەوڵەتى ئەمریکایان لەگەڵ ٦٣ کۆمپانیاى جیاوازى ئەمریکایی ئەنجام داوە.
حوکمەکەى ئەنسارى بڕیار وایە ١ى سپتەمبەر دەربچێت و بە ووتەى وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا پێشبینى دەکرێت سەرووى ٢٠ ساڵ حۆکمی بەندکردنی بۆ دیاری بکرێت.
سووزان ییپ لە ئۆکتۆبەرى ٢٠١٢ى زایینى پاش ددانپیانان بە تاوانەکانى خۆى وەک نێوەندگیر و دەڵاڵێک بۆ کڕینى ئەم کەرەستانە و بە هاوکاری نایاسایی ناردنى ئەم کەل و پەلە بۆ ئێران، بە دوو ساڵ زیندانى سزا درا، بەڵام مێهرداد فوومەنى هێشتا بێسەروشوێنە و خۆى شاردووەتەوە و دەستبەسەر نەکراوە.
جان دیمێرز بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا، ڕۆژى سێشەممە ١٤ى گوڵان گوتبووى کە مێهرداد ئەنسارى بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانى، لە ووڵاتى گورجستانەوە گوازراوەتەوە بۆ شارى سێن ئانتۆنیۆى ویلایەتى تێگزاس.
لەم چەند ساڵەى ڕابردوو و بە تووندبوونى گەمارۆکانى دژ بە کۆمارى ئیسلامى، کەسانێکى جیاواز لە ئەمریکا و ئەورووپا بە هۆکارى گەلى جیاوازى وەک پارە سپیکردنەوە و هەناردەى کەلوپەلى یاساغ و سەربازى و ئەتۆمى بۆ کۆمارى ئیسلامى و پێشێلکردنى گەمارۆ ئابوورییەکان و دزینى بەڵگەى ناسنامەیی، سزاى تووند دراون.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە