هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق پەیامێکی بەپەلە بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد    ...  هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق پەیامێکی بەپەلە بڵاو دەکاتەوە

پەرلەمانتارێکی سەر بەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرای ده‌كات، چوارچێوەی هەماهەنگی دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق بەهیچ شێوەیەک لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دانووستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا ناکات، ده‌شڵێت:"بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بنبڕو پابەندن‌ و شایانی تانە لێدان نین".

عەلی تورکی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یەکلاکەرەو پابەندن‌ و تانەیان لێنادرێت، هەربۆیە ناتوانرێت لەسەر پرسی یاسای نەوت‌ و گاز کە دادگاکە بە نایاسایی ناساندووە، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دانووستان بکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى هەندێک بڕیارو یاسا گرنگن‌و ناکرێت هەڵبوەشێنرێنەوە یان پشتگوێ بخرێن".
بە ووتەی تورکی، "هەوڵدان بۆ پەلکێشکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ناو دانووستانەکانی پێکهێنانی حکوومەت‌ و کەم کردنەوەی شکۆی دادگای فیدراڵیی‌و بڕیارەکانی، هیچ جێگایەکیان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنیی نییەو لەدانوستانەکانیدا لەگەڵ هیچکام لە کوتلەکان گفتوگۆیان لەسەرناکات".
پێشتریش جاسم بەیاتی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی بە دووری زانی بوو، لەمیانی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا چوارچێوەی هەماهەنگی بە مەرجە نادەستوورییەکانی پارتی ڕازی بێت.
جەختیشی کردبۆوە، مەسعوود بارزانی‌ و هیچ لایەنێکی تریش ناتوانن مەرجەکانی خۆیان بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی دا بسەپێنن.


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە