هاک بوونی کامێراکانی بەندیخانەی ئێڤین، کاردانەوەی سەرۆکی دەزگای دادی لێکدەوێتەوە

پەیامی کورد       ...  هاک بوونی کامێراکانی بەندیخانەی ئێڤین، کاردانەوەی سەرۆکی دەزگای دادی لێکدەوێتەوە

دوو ڕۆژ لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کامێراکانی بەندیخانەی ئێڤێن کە ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییان نیشان دەدات، ''غۆڵام حسێن مۆحسێنی ئێژەیی'' سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران فەرمانی پێداچوونەوە بەسەر ئەو بابەتەی دەرکردووە.

گرووپێک بە ناوی ''عەداڵەتی عەلی'' کە کامێرا ئەمنییەتییەکانی بەندیخانەی ئێڤێن ی هەک کردووە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ڤیدیۆ و وێنەی لەنێو ئەو بەندیخانەیەدا بڵاو کردووەتەوە کە لە بەرچاو نەگرتنی مافی زیندانییەکان و هەڵسوکەتی تووندوتیژانە لەگەڵ ئەوان پشتڕاست دەکاتەوە.

فەرمانی ''ئێژەیی'' بۆ تاوتوێی دۆخی مافی مرۆڤ لە زیندانەکان لە حاڵێکدا دەر کراوە کە بەردەوام ئەم بابەتە لەلایەن چالاکان و گرووپەکانی مافی مرۆڤ خراوەتە بەر باس، بەڵام دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران هیچ کات ئیزنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی بە هیچ ناوەندێکی مافی مرۆیی نەداوە و بەردوامیش ئەو بابەتەی ڕەت کردووەتەوە.

لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەدا ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییەکان نیشان دەدرێت و کەسێک کە لە خۆ دەچێت ، لەلایەن چەند بەرپرسێکی بەندیخانەوە ڕادەکێشرێت و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئازار دەدرێت.

لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا زیندانییەک بەتووندی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە لێی دەدرێت.

گرووپی "عەداڵەتی عەلی" لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دابوو کە ئەو زوڵم و ستەمەی کە ''ئیبراهیم ڕەئیسی" لە خەڵکی دەکات، بەردوام لە قاوی دەدەن.

ناوەندە چاوەدێرییەکان سەر بە دۆخی مافی مرۆڤ بەردەوام بەرامبەر زیندانییانی سیاسی و دەستبەسەرکراون هۆشدارییان داوە و لە دەیەکانی ڕابردوو ئەشکەنجە و کوژرانی دژبەرانی سیاسی و زیندانییەکانی دیکە لە ئێران دەنگی داوەتەوە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە