هه‌ردوو سه‌رۆك باسیان له ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكانیان كرد
پەیامی کورد ... هه‌ردوو سه‌رۆك باسیان له ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكانیان کرد
ئێواره‌ى چوارشه‌ممه 2024/1/17 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ئۆفیسى خۆى له هه‌ولێر پێشوازى له ئالار كاریس سه‌رۆكى كۆمارى ستۆنیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى پێشمه‌رگه ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا خواستى بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى ستۆنیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان دووپات كرده‌وه، به‌تایبه‌تى له بوارى بازرگانى و كه‌رتى تایبه‌ت و له‌و بوارنه‌دا كه هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێت سوود له ئه‌زموون و پسپۆڕی ستۆنیا وه‌ربگرێت، وه‌ك بوارى ئایتى و حكوومه‌تى ئه‌له‌كترۆنى و بیناكردنى دامه‌زراوه‌كان.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیرى و ڕۆڵى ئیستۆنیا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعش و ئه‌ركى تیمى ڕاوێژكاری سه‌ربازییان و هاوكارییان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا ده‌ربڕى و هیواى خواست له بواره‌كانى دیكه‌ى سه‌ربازیدا هاوكاری پێشمه‌رگه بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك كاریس خۆشحاڵی خۆى به یه‌كه‌م سه‌ردانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى تیمى سه‌ربازی ووڵاته‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان نیشان دا، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه ووڵاته‌كه‌ى ئاماده‌یه له هه‌موو بواره‌كاندا، زیاتر بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا بدات.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى سیاسى و ئه‌منی عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هێرشى سه‌ر هه‌ولێر، شه‌ڕ له غه‌ززه و دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، شه‌ڕ له ئۆكرایینا و لێكه‌وته‌كانى، تاوتوێ كران.
پاشان هه‌ردوو سه‌رۆك له لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا، باسیان له ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكانیان كرد.
سه‌ره‌تا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى:
به‌خێر بێن..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر پێشوازى له جه‌نابى سه‌رۆك (كاریس) ده‌كه‌م. به گه‌رمى به‌خێرهاتنى جه‌نابیان ده‌كه‌م بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، جێى خۆشحاڵى و پێزانینه كه له یه‌كه‌م سه‌ردانیدا بۆ عێراق، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كات، دواى ئه‌وه‌ى هاوینى ڕابردوو وه‌زیرى به‌رگرییان هاته هه‌ولێر.
كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باشمان له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆك هه‌بوو ئه‌مڕۆ. باسمان له بره‌ودان به په‌یوه‌ندی ستۆنیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌رفه‌ته‌كانى هاریكاریى هاوبه‌ش و گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له ناوچه‌كه كرد. هه‌روه‌ها ده‌ر‌باره‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه، دۆخى مرۆیى له غه‌ززه و شه‌ڕ له ئۆكراینا، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ كرد.
سوپاس و پێزانینمان بۆ گه‌ل و حكوومه‌تى ئیستۆنیا دووپات كرده‌وه كه له چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش، هاوكاری عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان كردووه. ئێستاش هێزێكى سه‌ربازییان له هه‌رێمى كوردستان له ئه‌ركدان و ڕاوێژ و یارمه‌تى پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، سوپاس و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین.
جگه له هاوبه‌شیمان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ده‌مارگیرى وتووندڕه‌وى، ئێمه له هه‌رێمى كوردستان خوازیارین له پسپۆڕى و ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى ستۆنیا له چه‌ند بوارێكدا سوود وه‌ربگرین. وه‌ك: بوارى ئاى تى و حكوومه‌تى ئه‌له‌كترۆنى كه ئه‌وان له‌م بواره‌دا پێشه‌نگن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كاتى خۆى چه‌ند جارێك شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانی ستۆنیای كردووه، هه‌روه‌ها له بوارى شه‌فافیه‌ت و بیناكردنى دامه‌زراوه‌كان و له هه‌ر بوارێكى دیكه‌دا كه ئێمه بتوانین سوود له ئه‌زموونى ئه‌وان وه‌ربگرین.
لێره‌دا دووباره زۆر سوپاسی جه‌نابى سه‌رۆك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م هاتنه‌ی. هاتنیان نیشانه‌ى بایه‌خدان و پشتگیرییه له عێراق و له هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئێمه گرنگه. هیوادارم بتوانین له هه‌موو ئاست و بواره‌كاندا، بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكارى هاوبه‌شى داهاتوومان بده‌ین.
دیسانه‌وه جه‌نابی سه‌رۆك به خێر بێی.
زۆر سوپاس..
پاشان له لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رۆك ئالار كاریس گوتى:
جه‌نابى سه‌رۆك، سوپاس بۆ پێشوازی گەرم و میوانداریتان، سوپاس بۆ گفتوگۆى ورد و ڕاشکاوانه‌مان. شانازییەکی گەورەیە کە یەکەم سەرۆکی ستۆنیا بم سەردانێکی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بکات.
خۆشحاڵم کە شانسێكی كه‌سیم هه‌بوو ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییە مه‌زنانه‌ى گەلی کوردستان ببینم ئه‌وانه‌ى لە بواری سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا کردوویەتی . هەندێ له دینامیکییه‌كان زۆر ئەرێنین، وەک پەرەپێدانی فرەیی لە ژیانی سیاسی‌دا.
لە په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه‌شدا، بە خۆشحاڵییەوە ئاماژە بەوە دەکەم کە ئێمە لە بواری دیجیتاڵ کردندا هاوکارییەکی باشمان هەیە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین ئەم هاوكارییه بۆ بوارەکانی دیكه‌ش فراوان بکەین.
هەروەها لە پرسە ئەمنییەکاندا هاوکارین. ئیستۆنیا بە درێژایی ساڵان چالاکانە بەشداری لە ڕێكارى نێودەوڵەتی جۆراوجۆردا کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات.
سەربازەکانمان لێره لە هەولێرن، ستایشی میوانداری و میهرەبانی خەڵکی ناوچەکە دەکەن. سوپاس جەنابی سەرۆک بۆ میوانداریکردنیان. ئێمە لێرەین بۆ پشتگیری و یارمەتیدانتان، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەوەى هه‌یه زیاتر ئاوەدان و ئارامتر بێت و گەشە بکات.
هۆکاری دیكه‌ى گرینگ بۆ هاتنمان ئەوەیە کە ئێمە خوازیارین له جیهاندا ئاشتى هه‌بێت، هه‌روه‌ها بۆ ئێمە دیموکراسی و ئازادی زۆر بایه‌خدارن، ئه‌وانه ئه‌و به‌هایانه‌ن کە هەوڵ ده‌ده‌ین به‌دی بێن و بپارێزرێن.
ستۆنیا بە تووندی هەموو جۆرە ئەگەرێكى تیرۆر سه‌ركۆنه دەکات، چوونکە مەترسییەکی گه‌وره‌یه بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی. ئێمە لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆردا پێکەوە وەستاوین، هەروەها بە تووندی سه‌ركۆنه‌ى هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکەم و سەرەخۆشی قووڵم بۆ خەڵکی ناوچەکە کە لە هێرشی دوێنێدا لێرە لە هەولێر خۆشه‌ویستانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ ئاڵنگارییه‌كانى چۆنیه‌تی مامەڵەکردنمان لەگەڵ بارودۆخى ئەمنی ئاڵۆزدا تاوتوێ كرد كه چ لە ئەورووپا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، له ئارادان. بارودۆخی غەززە بۆ ئێمە مایه‌ى نیگەرانییەکی گەورەیە، پشتیوانی له هەموو هەوڵێك دەکەین بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی ئەم ململانێیە.
هەروەها باسمان لە دەستدرێژی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کرد. ئیستۆنیا دڵنیایە ئەگەر ڕێگە بدەین دەستدرێژکار ئامانجه‌كانى بپێكێت، ئه‌وه ده‌بێته هانده‌ر بۆ هەموو دەوڵەتە شەڕانگێزەکانی دیکە بۆ ئه‌وه‌ى كار بۆ به‌دیهێنانى ئامانجە ئیمپریالیستەکانیان بكه‌ن.
ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە ڕووبدات، ناتوانین ڕێگە بە هیچ دەوڵەتێک بدەین بنەماکانی سستمى نێودەوڵەتی تێک بدات. بۆیە ده‌بێ هەموو ووڵاتانی دیموکراسی و ئازادیخواز، پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی جیهانێک كه هەمووان تیایدا بتوانن سەرفراز بن و بە ئارامی بژین.
جەنابی سەرۆک، دووباره زۆر سوپاس بۆ گفتوگۆى ڕاشکاوانە و بۆ ئەو میواندارییە گەرمەی له خۆم و شاندەکەم کرا. هیوای ئارامی و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم!
ئەم بابەتە 12000 جار خوێندراوەتەوە