هۆشدارییه‌كی نوێ له ئه‌مریكاوە
پەیامی کورد ... هۆشدارییه‌كی نوێ له ئه‌مریكاوە
كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو گڕ به‌ر بووه دۆلاری ئه‌مریكی به‌رانبه‌ر به دیناری عێراق، ده‌گوترێت له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا نه‌بووه ئه‌وه‌نده به‌های دۆلاری ئه‌مریكی به‌رانبه‌ر به دیناری عێراقی به‌رز بێته‌وه، به‌پێی سیسته‌می ئابووری و بانکی عێراق، مانگانه بانکی ناوه‌ندیی عێراق پاره‌یه‌كی زۆر ده‌خاته بازاڕه‌وه له‌پێناوی ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی به‌های دینار به‌رانبه‌ر به دۆلار، به‌ڵام شڵه‌ژانی ئه‌م جاره‌ی دۆلار جیاوازە و دزه به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له عێراقه‌وه كراوه بۆ ئه‌و wوڵاتانه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا سزای داون، ئه‌مه‌ریكاش ڕێكاری توندی گرتووه‌ته‌وه به‌ر.
له بازاڕه‌كانی كوردستان و عێراقیش به‌های 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە زیاتر لە 157 هەزار دیناری عێراقی، ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یەی به‌های دۆلار شڵه‌ژانی له بازاڕی دۆلار و دراوی عێراق و نرخی كاڵادا لێ کەوتووەتەوە. به‌شێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی له بانکی ناوه‌ندی عێراق ده‌گیرێت، ئه‌وه‌یه كه بانکی ناوەندی عێراق لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا لە هەموو سیاسەتێکی نەختینەیی شکستی هێناوە و تەنیا یەک سیاسەتی هەبووە کە ئەویش دۆلارفرۆشتن بووە.
به‌پێی به‌دواداچوونەکان ئەمریکا سزای لەسەر ئێران داناوە، بەڵام لە ڕێگەی عێراقەوە دۆلار بەئاسانی دەچێتە ئێران و ئەوەش وای کردووە ئەمریکا سەرنجی زۆری لەسەر بانکی ناوەندی عێراق هەبێت، چونکە عێراق یەکێکە لە سەرچاوەکانی سپیکردنەوەی پارە لە ناوچەکە و هەریەکە لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، سووریا و لوبناندا، به‌ڵگه‌ی ته‌واویش له‌و بارەیە‌وه كۆ كراوه‌ته‌وه و دواجار سزای چوار بانکی دراوی عێراق دراوه.
به‌پێی قسه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له عێراق ، پێشووتر به‌رپرسانی بانکی ناوه‌ندی له هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی ئاگادار كراونه‌ته‌وه کە بانکی ناوه‌ندی 100 دۆلار به 146 هه‌زار ده‌فرۆشێت، ئاساییه، ئه‌گه‌ر دوو هه‌زار دینار بچێته سه‌ر ئه‌و نرخه و بە 148 هەزار دینار بفرۆشرێت، بەڵام لەو بڕە یەک دینار زیاتری بچێتە سەر گەندەڵییە و پێویستە لێپێچێنەوە لە دەسەڵاتدارانی بانکی ناوەندی عێراق بکرێت، ئه‌مه گه‌یندراوه‌ته‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ وه‌رگرتنی لێپرسینه‌وه، چوونكه له ڕابردوو ئه‌و دۆلاره‌ی خراوه‌ته بازاڕه‌وه زۆرینه‌ی سپی كراوه‌ته‌وه و ئێستا لەگەڵ کەمکردنەوەی بڕی خستنە بازاڕی دۆلار، بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دابەزی و ئەمەش دەری دەخات دۆلار لە عێراقەوە براوەتە ده‌ره‌وه، یان بۆ ئێران دزه‌ی پێ كراوه.
له تازه‌ترین هه‌وڵدا 26ى کانوونى یەکەمى 2022، داواکارییەک بە واژووى 65 پەرلەمانتارى عێراق ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان کرا بۆ ئه‌وه‌ی پرسی به‌رزبوونه‌وه‌ی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رانبه‌ر به دیناری عێراق تاوتوێ بكرێت و یه‌كێك له داواكارییه‌كان ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكی بانکی ناوه‌ندی عێراق ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش بكات به حوكمی ئه‌وه‌ی عێراق خراوه‌ته شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ته‌وه بۆ سپیكردنه‌وه‌ی دۆلار به‌رانبه‌ر به سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌و ووڵاتانه‌ی كه له عێراقه‌وه سزاكانیان له‌سه‌ر سووك ده‌كرێت، وه‌ك سووریا و ئێران و لوبنان.
به‌پێی قسه‌ی شاره‌زایان ئه‌گه‌ر عێراق پابه‌ند نه‌بێت به سزاكانی ئه‌مه‌ریكا و له عێراقه‌وه پاره سپی بكرێته‌وه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای داون، ئه‌وه نرخی 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ده‌گاته 200 هه‌زار دیناری عێراق و ڕه‌نگه به‌رزیش بێته‌وه بۆ 267 هه‌زار دینار. جیا له‌وه‌ی كه خواست له‌سه‌ر دۆلار زیادی كردووه، له هه‌مان كاتدا زیانێكی زۆر به كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك گه‌یشتووه كه پێش هه‌ڵكشانی دۆلار (دۆلارێكی زۆریان فرۆشتووه) و ئێستا ناچارن بیكڕنه‌وه.
هەر لەم بارەیەوە، حاجی غازی حه‌مه‌ئه‌مین، شاره‌زا له بواری بازاڕی دۆلار کە خۆیشی له‌و بواره‌دا كار ده‌كات، ڕایگەیاند : ''هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار ئه‌وه‌یه كه بانکی ناوه‌ندی عێراق ڕێژه‌ی خستنه‌ڕووی دۆلاری كه‌م كردووه‌ته‌وه، ئه‌و ڕێژه‌یەی ڕۆژانه‌دابه‌شی ده‌كات زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه، جاران 200 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانه‌ی ده‌خسته ڕوو، ئیستا 100 ملیۆنه، ته‌نیا دوێنێ نه‌بێت كه 139 ملیۆن دۆلاری خستووه‌ته ڕوو، به‌ڵام پێشتر، یانی ڕۆژانی دیكه له خوار 100 ملیۆن دۆلاری خستووه‌ته ڕوو، به‌شێكی هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه چوار بانکی گه‌وره‌ی حه‌واڵه‌ی پاره له عێراق سزا دراون به‌و پێیەی ئه‌و بانکانه به شێوه‌ی ناشه‌رعی دۆلار ده‌به‌نه ده‌ره‌وه‌ی عێراق و هۆكاره‌كه‌یشی سزای ئه‌مه‌ریكایه له‌سه‌ر ئه‌و بانکانه.''
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری پرسه‌كه‌شەوه ووتیشی: ''بانکی فیدراڵی ئه‌مریكا ئه‌و دۆلاره‌ی كه ده‌یداته‌وه به بانکی ناوه‌ندی عێراق به حه‌ق و حساب ده‌یدات و پێی گوتووه ده‌بێت دینار به دینار بزاندرێت بۆچی ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی عێراق و بانکی ناوه‌ندی هه‌رلایه‌نێك كه داوای پاره‌ی لێ ده‌كات، ئینجا کۆمپانیاکان بێت، یان بانکه‌كان، ده‌ببێت بزاندرێت بۆچی ده‌یه‌وێت و چیی لێ ده‌كات، ئه‌گه‌ر بانکی ناوه‌ندی تا دوای سه‌ری ساڵ هه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌و ڕێكارانه، پێشبینی ناكرێت به‌های دۆلار به‌و ئاسانییه بێته خواره‌وه، و پێشبینی ده‌كرێت دۆخه‌كه له‌و شێوه‌یه بمێنێته‌وه.''
ڕایشیگه‌یاند: ''زیانه‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی دۆلار له‌سه‌ر به‌كاربه‌ره، چوونكه نرخی كاڵا به‌رز ده‌بێته‌وه و به‌شێك له دۆلارفرۆشانیش زیانیان پێ گه‌یشتووه، ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی گه‌وره بێت زیانی زۆرتر بووه، ئه‌وه‌ی قه‌باره‌كه‌ی بچووك بێت، كه‌متر زیانیان پێ گه‌یشتووه.''
له‌م بارەیە‌وه، سیپان عه‌زیز شێروانی، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق، ووتی: ''وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا بانکی ناوه‌ندی عێراقی ئاگادار كردووه‌ته‌وه له‌و دراوه‌ی كه ڕۆژانه 250 ملیۆن دۆلار ده‌خرێته بازاڕه‌وه بۆ ته‌وازنی به‌های دینار به‌شێكی زۆری بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌چێت، وه‌ك ئێران و سووریا و لوبنان، ئه‌مه‌ش پێی ده‌گوترێت سپیكردنه‌وه، چونكه ئه‌و وڵاتانه دۆلاریان كه‌مه عێراقیش گرفتی نییه به‌نسبه‌ت دۆلاره‌وه، بۆیه چوار بانک خراونه‌ته‌وه لیستی ڕه‌شه‌وه كه ڕێگرییان لێ ده‌كرێت داوای دۆلار بكه‌ن له بانکی ناوه‌ندی، بانکی ناوه‌ندی تا هه‌فته‌ی ڕابردوو %50ی خستنه‌ڕووی دۆلاری له ڕێگای ئه‌و چوار بانکه‌وه بووه كه ئه‌و چوار بانکه خرانه لیستی ڕه‌شه‌وه، ئه‌و كاته خستنه‌ڕووی %50ی دۆلار كه‌می كرد، ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه وای كرد كه دۆلار كه‌م بێت و نرخه‌كه‌ی به‌رز بێته‌وه و ئێستا بانکی ناوه‌ندی خه‌ریكی دروستكردنی ڕێكاره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆلاره بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق نه‌چێت و ئه‌وه‌تا له‌م هه‌فته‌یه‌دا ڕێژەی خستنه‌ڕووی دۆلار بۆ خوارووی 100 ملیۆن دۆلار دابه‌زی و گه‌یشتووه‌ته‌وه 80 ملیۆن دۆلار و پێشبینی ده‌كرێت زیاتر دابه‌زێت بۆ ده‌ورووبه‌ری 50 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام دوای سه‌ری ساڵ بانکی ناوه‌ندی ده‌توانێت كۆنترۆڵی نرخه‌كه بكات.''
ووتیشی: ''مادام هیچ گه‌مارۆیه‌ك له‌سه‌ر عێراق نییه و بانکی ناوه‌ندی له كۆنترۆڵ ده‌رنه‌چووه، دۆلاری پێویست هه‌یه و بازرگانی هه‌یه، بۆیه به‌دڵنیایی یه‌وه ئه‌مه چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ئه‌مه‌ریكا به‌فه‌رمی بانکی ناوه‌ندیی عێراقی ئاگادار كردووه‌ته‌وه له هه‌موو ئه‌و دزه‌كردنانه‌ی به دۆلاره‌وه كراوه له عێراق، بۆیه له‌مه‌ودوا سیسته‌مێكی نوێ به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌ویش به‌ستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بانکەکان و بانکی ناوه‌ندی و خستنه‌ڕووی دۆلار به ڕێگای ئه‌لكترۆنییەوە كه ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات بۆ ڕێگریكردن له سپیكردنه‌وه‌ی پاره له عێراقه‌وه.''
ڕایشیگه‌یاند: ''ئه‌مریكا ڕێكاره‌كانی له‌و بارەیە‌وه توندتر كردووه‌ته‌وه و تا ڕاده‌یه‌ك عێراق ئاگادار کراوه‌ته‌وه.''
هاوكات. د. به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق، ووتی : ''ده‌مێك بوو پێشبینی ئه‌وه ده‌هكرا دۆلار به‌و شێوه‌یه به‌رز بێته‌وه، چوونكه بڕێكی زۆری دۆلار به ناوی حه‌واڵه ده‌چووه ده‌ره‌وه بۆ ئه‌و ووڵاتانه‌ی كه ئه‌مریكا سزای داون، ئه‌وه‌ش به ناوی هێنانی كاڵا، یان هه‌ندێك بازرگان به ناوی هێنانی كاڵا ده‌یاننارده ده‌ره‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كاڵا بێته ژووره‌وه، یان شتی زۆر كه‌م و لاوه‌كی پێوه داخل ده‌بوو، ئه‌مریكا خاوه‌نی دۆلاره و پێی خۆش نییه، یان نایه‌وێت دۆلار به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی پێوه بكرێت و بچێته ده‌ره‌وه، به‌تایبه‌ت بۆ ئێران و ئه‌مریكا ئێستا له ململانێی سیاسی و ئه‌منیدایه له‌گه‌ڵ ئێران و به هه‌موو شێوازێك ئابڵوقه‌ی ئێرانی داوه و نایه‌وێت به‌و ڕه‌هاییه دۆلاری خۆی بچێته ئێران، بۆیه كه بینیی ئه‌و حاڵه هه‌یه، ڕێگای نویی گرته به‌ر، ئه‌ویش ئابڵۆقه‌ی له‌سه‌ر چه‌ند بانکێك دانا و ڕێگا نادات بانکی ناوه‌ندیی عێراق پاره بداته ئه‌و بانکانه.''
ووتیشی: ''كاتی خۆی كه لەپه‌رله‌مان بووین بانکی ناوه‌ندی عێراق بانگهێشت كرا بۆ په‌رله‌مان كه بابه‌تی دۆلارفرۆشتن به بازاڕ و بانکه‌كان گه‌نده‌ڵی زۆری تێدایه و ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌وه بكرێت كه ئه‌م دۆلاره بۆ كاری تیرۆریستی و بۆ سپیكردنه‌وه‌ی دۆلار به‌رانبه‌ر به سزای ئه‌و وڵاتانه نه‌چێت كه سزا دراون و ئه‌مریكاش ئه‌مه قبووڵ ناكات، ئه‌مه‌مان پێشووتر خسته ڕوو.''
ڕایشیگه‌یاند: ''ئه‌و بانکانه له‌لایه‌ن بانکی ناوه‌ندییه‌وه خرانه لیستی ڕه‌شه‌وه ته‌واو ئیستا دوای سه‌ری ساڵ ئه‌و پارانه ده‌درێته بانکی نوێ، یان به ئالیه‌تێكی دیكه دۆلار ده‌خرێته ڕوو، لایه‌كی دیكه‌ی بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه تۆڕێك هه‌یه ئه‌م تۆڕه به یه‌كه‌وه گرێ دراوه، وه‌ك بانکی ناوه‌ندی و بانکه‌كان و ئه‌مه‌ریكا و گفتوگۆی ئێران و ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به پرسی ئه‌تۆمی، ئه‌گه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه پێش بكه‌ون ئه‌م پرسه زۆر گرفت نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له یه‌كتری دوور بكه‌ونه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه له‌سه‌ر عێراق توندی ده‌كه‌نه‌وه و دیاریشن كێن ئه‌وانه‌ی له عێراق پاره بۆ وڵاتانی دیكه سپی ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ستڕۆیشتوون و كه‌سانی ئاسایی نین، كه‌سانێك نین پاره‌یان كه‌م بێت، ئه‌وانه‌ن كه به 200 ملیۆن دۆلاریان هه‌یه، له دوای 2003 ئه‌مریكا باش ده‌زانێت ترلیۆنێك دۆلار (هه‌زار ملیار دۆلار) له عێراق ده‌رچووه و دیار نییه، ئه‌ویش چاودێری ده‌كات ئه‌م پارەیە بۆ كوێ چووه و ئه‌گه‌ر عێراق پابه‌ند نه‌بێت، ڕه‌نگه ئه‌مریكا سزای تووندتر به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنێت و محه‌مه‌د شیاع سوودانی به تووندی ڕێكار نه‌گرێته به‌ر و ڕێگری له‌وه نه‌كات، چاره‌نووسی وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌بێت.''
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە