هۆشداری تووندی ئەمریکا بە تورکیا : ئاکامی مەترسیدار چاوەڕێتان دەکات

پەیامی کورد   ...   هۆشداری تووندی ئەمریکا بە تورکیا : ئاکامی مەترسیدار چاوەڕێتان دەکات

ئەمریکا دوا په‌یامى خۆى به‌ ڕووسیا گه‌یاند كه‌ ڕێگە نادات تورکیا ببێتە ناوەندی هەناردەکردنی گازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا، ڕۆژنامەیەکی ڕووسیش وورده‌كاری زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌ینێت، "ئه‌مریكا هۆشداری بەتورکیا داوه‌و پێی وتووه‌، ئەگەربێت‌ و پابەندی ئەو سزایانە نه‌بن کە ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان بەسەر ڕووسیادا سەپاندوویانه‌، ئەوە ئاکامی مەترسیدار چاوەڕێیان دەکات و".
ڕۆژنامەی “Argumentı Nedeli”ی ڕووسی لەڕاپۆرتێکدا ئاشكرای كردوه‌، ئەمریکا ئەو پلانەی ئانکارا و مۆسکۆی ڕەتکردوەتەوە بۆئەوەی تورکیا ببێتە ناوەندی سەرەکی دابەشکردنی گازی سرووشتی ڕووسیا بەرەو ئەورووپا، ئەویش دوای ئەوەی ڤلادیمێر پووتین ڕایگەیاندبوو، دەکرێت تورکیا بکرێتە گەورەترین ناوەندی دابەش کردنی گاز بەرەو ئەورووپا.
له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتووه‌، "ئێلیزابێس ڕۆزنبێرگی جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە هاوکات ڕێگەپێدراوی بەرەنگاربوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆرە لە ئەمریکا، لەکاتی سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ تورکیا، ڕەتیکردۆتەوە ناوەندێک بۆ دابەشکردنی گازی سرووشتی رووسیا بەرەو ئەورووپا لە تورکیا دابمەزرێندرێت".
ئەو بەرپرسە ئەمریکیه‌ هۆشداریشی داوەتە بەرپرسانی تورکیا بەوەی ئەگەر بێت‌ و ئەو ووڵاتە پابەندی ئەو سزایانە نەبێت کە ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان بەسەر ڕووسیادا سەپاندوویانه‌، ئەوە ئاکامی مەترسیدار چاوەڕێیان دەکات.
ڕۆژنامە ڕووسییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە دوای ئاشکرابوونی ئەو پلانەی ڕوسیا، سەردانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ تورکیا بەراورد بە ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە، هەروەک ئەوەشیان بە بەرپرسانی تورکیا ووتووە، دەبێت ئەنکەرە ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی ووزەی ڕووسییەوە دەستی دەکەوێت، تا ئەو پەڕی سنوورداربێت.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردوە، بەرپرسانی برۆکسل هەمان هۆشدارییان بە ئانکارا داوە، بۆئەوەش بەرپرسانی ئەورووپا پێشنیازیان کردوە گرووپێکی کاری تایبەت بەچاودێریکردنی گوێڕایەڵی تورکیا بۆ سزاکانی سەر ڕووسیا پێک بهێندرێت.
ڕۆژنامەکە پێشبینیکردوە، تورکیا پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەو ووڵاتە پابەندی سزاکانی ڕۆژئاوا بۆسەر ڕووسیا ببێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا ئانکارا لەئێستادا کار لەسەر درووستکردنی بانکێکی نوێ دەکات بۆئەوەی لەڕێگایەوە کار بە سیستەمی پارەدانی ڕووسی "میر" بکرێت، کە ئەوە لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە ڕەت دەکرێتەوە.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە