هۆشداری مای ساتۆ سەبارەت بە فشارەکانی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی ڕۆژنامەوانان
پەیامی کورد ... هۆشداری مای ساتۆ سەبارەت بە فشارەکانی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی ڕۆژنامەوانان
مای ساتۆ، ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە ئاماژەدان بە فشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنەماڵەی ڕۆژنامەوانان، داوای لە ووڵاتان کرد کە پشتیوانی لە ڕۆژنامەوانانی دەربەدەری ئێران بکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکان بە پشت بەستن بە هەواڵی چالاکانی ڕاگەیاندن و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، ڕێژیمی ئێران شەپۆلێکی نوێی تۆقاندن لە دژی ڕۆژنامەوانان و بنەماڵەکانیان لە ناوخۆی ووڵات دەست پێ کردووە.
مای ساتۆ ئەم ڕاپۆرتەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاو کردەوە و نووسی: ''ئەم بابەتە نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئێران چۆن بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئاوارەی کردووەتە ئامانج هەتا دەنگی ڕەخنەگران بێدەنگ بکات.''
ناوبراو وتوویەتی کە لە ڕاپۆرتی پێشووی بۆ شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە کەیسی هاوشێوە کردووە و ئەمەش نیشانی داوە کە ''پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە سنوورە نیشتمانییەکان تێدەپەڕێنن.''
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە