هۆشیار زێباری سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... هۆشیار زێباری سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، لە ئێستاوە پەیوەندیان لەگەڵ بەغدا بەستوە و لەگەڵ براوەکان لە گفتوگۆداین و بەردەوامدەبن، لیژنەیەک دەنێرینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکانیش گفتوگۆ دەکەن و پێیان خۆشە یەک دەنگ بن، لەگەڵ زۆربەی کوتلە شیعی و سوننەکان پەیوەندیمان باشە و دەرگامان کراوەیە، دەشڵێت، "پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مافی کوردە و پێویستە لایەنە سیاسیەکان لەسەر ئەو پۆستە رێکبکەون و لە داهاتووشدا دانووستاندن لەگەڵ ئێمە و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت".
هۆشیار زێباری، سەرپەرشتیاری بانگەشەی پارتی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "سوپاسی دەنگدەرانی پارتی دەکەین کە مەردانە هاتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، راستە رێژەی بەشداربوون بە شێوەیەکی گشتی کەمبوو بەڵام مەعقوولیش بوو، چوونکە ململانێ هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دهۆک زۆرترین رێژەی بەشداریکردن هەبووە لەسەر ئاستی عێراق کە ٥٤% بو، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە کەمتربوو، بە گشتی پرۆسەکە رێکوپێک، ئازاد و پاک بەڕێوەچوو، راستە تێبینی لەسەر ئامێرەکانی دەنگدان هەبوون، بەڵام لەلایەن کۆمیسیۆنەوە چارەسەرکران و ئەنجامەکان گەیشتنە بنکە و کۆمسیۆن بەڵێنەکەی بردە سەر و لە ٢٤ کاژێردا ئەنجامی بەرایی راگەیاند، ئامانجەکەش بۆ ئەوەبوو رێگە بە دەستکاریکردنی دەنگەکان نەدرێ".
هۆشیار زێباری باسی لەوەشکرد، "لە ئێستاوە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا بەستوە و لەگەڵ براوەکان لە گفتوگۆداین و بەردەوامدەبین، لیژنەیەک دەنێرینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکانیش گفتوگۆ دەکەین و پێمان خۆشە یەک دەنگ بین، لەگەڵ زۆربەی کوتلە شیعی و سوننەکان پەیوەندیمان باشە و دەرگامان کراوەیە، لەگەڵ سەدر، قانون، حەلبووسی، فەتح و عەممار حەکیم پەیوەندیمان هەیە و هێلکەکانمان نەخستوەتە یەک سەبەتەوە، بەڵام دەبێ بزانین چۆن هاوپەیمانی دەکەین، جارێ زوە بۆ رێککەوتن، کەی چووینە سەر مێز ئەو کاتە بڕیار دەدەین، پێشتریش لێکتێگەیشتنی سیاسیمان هەبوە، بە گشتی پەیوەندییەکانمان باشە، بەڵام خۆ دیارە چوار کوتلەی سەرەکی هەن کە هەموو شتێک یەکلایی دەکەنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "رەنگە ئەمجارە پێکهێنانی حکومەت ئاسانتربێ، چوونکە کوتلەی دیارهەن، ئەگەری تەفاهوم رەنگە ئاسان بێت، ئێمە دانوستاندنەکانمان بە بەرنامە دەبێ، ئەگەر بەشداری لە حکوومەت بکەین، دەبێ بزانین ماف و بەرکەوتە دەستورییەکانمان چەند و چۆنن، ئێمە زیاترمان ناوێ و برا عەرەبەکانیش ئەوە دەزانن".
لەبارەی سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە، هۆشیار زێباری وتی، "عێراق سێ سەرۆکایەتی هەیە، کورد پۆستی سەرۆککۆمار، سوننە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و شیعە پۆستی سەرۆک وەزیرانیان دەوێت، یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستانەش بەشێکی سەرەکی دانوستاندنەکان دەبن، ئێمە لەلایەن سەرکردایەتیمانەوە چۆن فەرمانمان بۆبێت جێبەجێی دەکەین، بەڵام پێموایە جارێ زوە بۆ قسەکردن لەوبارەوە، لە داهاتوشدا دانوستاندن لەنێوان ئێمە و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە