هۆشیار زێباری ووڵامی پەیامە تویتەرییەکەی مۆقتەدا سەدر دەداتەوە
پەیامی کورد ... هۆشیار زێباری ووڵامی پەیامە تویتەرییەکەی مۆقتەدا سەدر دەداتەوە
پاش ماوەیەکی زۆر هۆشیار زێباری لەسەر تویتەکەی مۆقتەدا سەدر هاتە دەنگ و دەڵێت، مەبەستی سەدر ئەوەبوو ڕێگری لەوە بکات کە ڕوویدا.
هۆشیار زێباری، کاندیدی پێشووی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دوورخرایەوە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دا ڕایگەیاند، "ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەک ڕێکارێکی یەدەگ و بەدیل تویتەکەی لەسەر من بڵاوکردەوە، چوونکە ئەو لە کۆبوونەوەکەی حەنانە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندبوو کە رەنگە بوترێت هەندێک دۆسیە لەسەر هۆشیار زێباری هەیە، بەڵام ئێمە پشتیوانی لێدەکەین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتی تویتەکەی سەدر سەیر بوو، لەوکاتەدا هیچ شتێک لەسەر من باس نەدەکرا، بەڵام تویتەکەی ئەو بابەتەکەی وورووژاند، لەکاتێکدا مەبەستی سەدر ئەوەبوو کە ڕێگری لەوە بکات."
هۆشیار زێباری باسی لەوەش کردووە، "من پێش تویتەکەش دڵنیاییم دا بەوان کە ئەگەر هەر کێشەیەکی یاساییم لە خۆمدا شک ببردایە ئەوە بێگومان خۆم کاندید نەدەکرد."
لە بەرواری ٤-٢-٢٠٢٢، مۆقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، ئەگەر هۆشیار زێباری، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یاخود هەر کاندیدێکی دیکە مەرجەکانی کاندیدبوونی تێدا نییە، ئەوا پەرلەمانتارانی چاکسازیخواز دەنگی پێنەدەن.
لەدوای تویتەکەی سەدر، دادگای فیدڕاڵی دۆسییەکانی ڕابردووی هۆشیار زێباریی هەڵدایەوە و پاش کۆبوونەوەیەک بڕیاری دا زێباری لە کێبڕکێی پۆستەکە دووربخاتەوە.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە