هۆکاری نەگەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووک ئاشکرا دەکرێت

پەیامی کورد     ...    هۆکاری نەگەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووک ئاشکرا دەکرێت

فەرماندەیەكی پێشمەرگە، هۆكاری زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش لە ناوچەكانی كەركووك و دەورووبەری ئاشكرا دەكات و دەڵێت، تا ئێستا داعش هەڕەشەیەكی جیددییە بۆ سەر ئارامی ناوچەكە. روونیشی دەكاتەوە كە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و نەگەڕانەوەی پێشمەرگە و نەبوونی هێزێكی هاوبەشی تۆكمە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، هۆكاری سەرەكییە بۆ زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكان.

عیرفان حەمەخان دارا، فەرماندەی یەكەی ٥٠ی گەرمیان، ڕایگەیاند: " ئێستا بەراورد بە ڕابردوو جمووجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری ناوچەكانی كەركووك، سنووری مەخموور، چیای قەرەچووغ و جەلەولا، ڕوو لە زیادبوونە، داعش هەمیشە لەو ناوچانە كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات كە بۆشایی ئەمنییان هەیە، بە تایبەت كە هێزی پێشمەرگە تێیدا باڵادەست نەبێت، بۆیە هەماهەنگی و بوونی هێزی نیزامی و سەربازی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە، تاكە چارەسەرە بۆ بن بڕكردن و سنوورداركرنی چالاكییە تیرۆریستییەكان، كە بەداخەوە لە ئێستادا ئەم هەماهەنگییە نییە".

فەرماندەكەی پێشمەرگە دەشڵێت: "بە هۆی فراوانی سنووری جوگرافیایی ناوچەكەوە، سوپا و پۆلیسی عێراقی لە ئێستادا بە تەنها ناتوانن ئەمنییەتی ئەو ناوچانە دابین بكەن، ئەوان تەنها ئەو جێگایانە دەپارێزن كە ڕەبیە و خاڵی سەربازی خۆیانی تێدایە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوكێ و ترسێكی زۆر لای دانیشتووانی سنوورەكە، بە تایبەت هاووڵاتیانی كوردی دانیشتووی ناوچەكە".

رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ـدا دەستی بەسەر تەواوی پارێزگای مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار و بەشێكی پارێزگاكانی دیالە و كەركووكدا گرت، كە دواتر هێزە عێراقییەكان ئۆپراسیۆنیان بۆسەر رێكخراوە تیرۆریستییەكە دەست پێكرد و لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی، سەركەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند.


ئەم بابەتە 12003 جار خوێندراوەتەوە