هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی کوردی ئاشکرا دەکرێت

پەیامی کورد     ...    هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی کوردی ئاشکرا دەکرێت

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژووری ھاوبەشی ئۆپراسیۆنی عێراق رایگەیاند، حكوومەتی عێراق ھیچ فەرمانێكی بۆ دامەزراندنی حەشدی كوردی نەداوە و ئەوەی كراوە حەشدی شەعبی كردوویەتی، بەڵام كە زانییان كاردانەوەی تووندی بە دوای خۆیدا هێنا، هەڵیانوەشاندەوە.

لیوا عەبدۆلخاڵق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژووری ھاوبەشی ئۆپراسیۆنی عێراق رایگەیاند : "چەند رۆژی رابردوو حەشدی شەعبی ھەڵسان بە دروستكردنی حەشدی كوردی، بەڵام كە زانییان كارادانەوەی تووندی دەبێت و حكوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ناوخۆ ھاتنە سەر هێڵ، ئەوانیش پەشیمان بوونەوە لە دامەزراندنی ئەو ھێزە و ھەڵوەشایەوە، بۆیە ئێستا ھیچ ھێزێكی حەشدی كوردی نەماوە".

تەڵعەت باسی لەوەش كرد: " ئێمە ئاگادارین حكوومەتی عێراق بە ھیچ شێوەیەك ھیچ فەرمانێكی دەرنەكردووە بۆ دامەزراندنی ئەو ھێزە، بەڵام حەشدی شەعبی خۆی ئەو كارەی كرد و ویستی حەشدی كوردی درووست بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوون بە ھۆی ئەو كاردانەوە توندەی بەرامبەری دروستكردنی ئەو ھێزە ھەبوو".


ئەم بابەتە 12001 جار خوێندراوەتەوە