هۆکارەکانی زیادبوونی داعش و تەقینەوەکان ئاشکرا دەکرێت

پەیامی کورد     ...    هۆکارەکانی زیادبوونی داعش و تەقینەوەکان ئاشکرا دەکرێت

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند ، نەبوونی ھەماھەنگی لە نێوان ھێزەكاندا، ھۆكاری زیادبوونی جموجۆڵی داعش و تەقینەوەكانە، بۆیە ئەگەر چارە نەكرێت، رەنگە داعش تەقینەوەی گەورەتر لەوەی بەغدا ئەنجام بدات، چوونكە داعش وەكوو رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بوونی ھەیە و رێكخستنەكانیشیان زیادی كردووە.

د. ناسر ھەركی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند : "وەكوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری، بانگھێشتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان و فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادی و بەڕێوبەری ئەمنی و بەڕێوبەری ھەواڵگریمان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی تەقینەوەی ئەمجارەی بەغدا و زیادبوونی جمووجۆڵی داعش لە عێراق كرا، بۆیە ویستمان بزانین ھۆكارەكان چین و تێبینیمان لەسەر گۆڕانكارییەكانیش ھەبوو، كە بێ دیراسەت بوو، لەبەر ئەوەی پێویستە كە بەرپرس لابدرێت، ھۆكاری ھەبێت، ئەگەر كەم وكوڕی ھەبێت، لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت، ئەگەر نا ناكرێت باس بكرێت و سێ کاتژمێر گفتوگۆمان كرد".

ھەركی ووتیشی: "بۆمان ڕوون بووەوە كە رێكخستنی داعش ھەن و لایەنگریان لە ھەموو شوێنێك ھەیە و ھۆكاری سەرەكی زیادبوونی كردەوە و  جمووجۆڵی داعش، نەبوونی ھەماھەنگییە لە نێوان ھێزە ئەمنییەكاندا، چوونكە داعش وەكوو رێكخراوێكی نێودەوڵەتی ھەیە و تەقینەوەكەی بەغداش دەنگی دایەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەگەر چارەسەری دۆخی ئەمنی نەكرێت، رەنگە رێكخراوی تیرۆریستی داعش تەقینەوەی زۆر گەورەتر لەوەی بەغدا ئەنجام بدەن.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە