هۆکارەکانی گرانبوونی دۆلار و زێڕ ئاشکرا دەکرێن
پەیامی کورد ... هۆکارەکانی گرانبوونی دۆلار و زێڕ ئاشکرا دەکرێن
بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ھۆكاری بەرزبوونەوەی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ئەوەیە كە حكوومەتی عێراق دەیەوێت كورتھێنانی خۆی بەو شێوەیە پڕ بكاتەوە، بۆیە پێویستە بانكی ناوەندی ئەمە قبووڵ نەكات، چونكە دەزگایەكی سەربەخۆیە و نابێت حكوومەت دەست لە كاروبارەكانی وەربدات.
زاگرۆس فەتاح، ڕایگەیاند : "حكوومەتی عێراق دەست لە سیاسەتی بانكی ناوەندی وەردەدات، كە ئەمە كارێكی خراپە و بانكی ناوەندی پێویستە دەزگایەكی سەربەخۆ بێت و نابێت حكوومەت دەست لە كاروبارەكانی وەربدات بەپێی دەستوور، بەڵام حكوومەتی عێراق كورتھێنانی ھەیە و پارەی پێویستە، كە دۆلاری لە نەوت دەست دەكەوێت و دەیكاتە دینار، بەوەش پارەی زیاتری دەست دەكەوێت، بۆیە ئەگەر بانكی ناوەندی رازی بێت كە دژی ھەندێك یاساشە و كارێكی خراپە، راستگۆیی خۆی لەدەست دەدات و ئەمەش كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستانیش دەبێت، چوونكە ئێمەش پارە بەكار دێنین و زۆرینەی شتەكان بە دۆلارن، بۆیە زیانی بۆ ھەرێمی كوردستانیش دەبێت و ھاووڵاتیان زیان دەكەن".
فەتاح گوتیشی: "ھەر كاڵایەك بە دۆلار بێت، بە پارەش گران دەبێت، كە بەو هۆیەوە ھاووڵاتیان لە عێراق و ھەرێمی كوردستان زەرەرمەند دەبن، بۆیە ئەگەر بانكی مەركەزی ئەوە قبووڵ بكات، زۆر خراپە و میسداقیەتی خۆی لە دەست دەدات".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بۆ زێڕیش كە بە دۆلارە، بە ھەمان شێوە كاریگەری لەسەر نرخەكەی دەبێت، چونكە نرخی زێڕ لە جیھان لە بازاڕەكان بە دۆلارە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی دۆلار لە عێراق گران بووە، زێڕیش گران دەبێت، چونكە جاران گەر زێڕ بۆ نموونە بە ١٠٠دۆلار بووبێت كە ئەوكات ١٢٥ھەزار دینار بوو، ئێستا بۆتە ١٠٠دۆلار ١٤٥ھەزار دینار، ئەمەش راستەوخۆ زێڕ گران دەكات، ئەگەر نا زێڕ لە ماوەی مانگێكدا نرخەكەی جێگیرە لە بازاڕی جیھان و زۆر زیادی نەكردووە و گۆڕانكایەكە زۆر كەمە، چونكە لەجیھان نرخی مسقالێك زێڕ جیاوازیەكی وای نەبووە و ئێستاش بە ھۆی گرانبوونی دۆلارەوە، زێڕ بە دینار گران بووە، گەر نا بە دۆلار زۆر جیاوازیی نییە".
ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە