هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر بەندەری حودەيدە لە يەمەن
پەیامی کورد ... هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر بەندەری حودەيدە لە يەمەن
وەزارەتی بەرگری ئيسرائيل ڕايگەياند، هێزەکانيان بەندەری حودەيدەيان لە يەمەن کردووەتە ئامانج، بەرپرسانی حووسييەکانيش هێرشەکەيان پشتڕاست کردووەتەوە.
ئيسرائيل کاتز، وەزيری بەرگری ئيسرائيل ڕايگەياند، چەند پێگەيەکی حووسييەکانيان لە بەندەری حودەيدە کردووەتە ئامانج، هێرشەکەش بۆ ڕێگريکردن بووە لە هەر هەوڵێک بۆ دووبارە بونيادنانەوەی ئەو ژێرخانە "تيرۆريستيیانەی" پێشتر هێرشیان کراوەتەسەر.
لە ڕاگەێندراوێکی جيادا سوپای ئيسرائيل ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ژێرخانە سەربازييانەی لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج، کۆگای سووتەمەنی، ئەو کەشتييانەی بۆ چالاکی سەربازی بەکارهاتوون، هەروەها ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەند پێگەيەکی ژێرخانی سەربازی حووسييەکان بوون.
هاوکات، بەرپرسێکی حووسييەکان ڕايگەياندووە، ئيسرائيل لە هێرشەکەدا ئەو شوێنانەی بەندەرەکەی وێران کردووە، کە لەدوای هێرشەکەی پێشووی نۆژەن کرابوونەوە.
ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە