هێرش بۆ سەر "ڕۆشدی" هۆشدارێک بۆ کۆتایی هێنان بە بەرجامە

پەیامی کورد   ...  هێرش بۆ سەر "ڕۆشدی" هۆشدارێک بۆ کۆتایی هێنان بە بەرجامە

لە درێژەی دژکردەوە جیهانییەکان سەبارەت بە هێرش بۆ سەر "سەلمان ڕۆشدی"، نووسەری کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان"، "جۆ بایدن" سەرۆککۆماری ئەمریکا ئەو نووسەرەی بە هێمای ڕاستی و بەردەوامی و خۆڕاگری زانی و ئەو هێرشەی مەحکووم کرد.

هاوکات "ماڕک دوبوویتس"، سەرۆکی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی دژکردەوەی بە قسەکانی "بایدن" نیشان داوە و وتوویەتی: "ناوبراو لەو مەحکووم کردنەدا باسی لە فتوای خومەینی بۆ کوشتی ئەو نووسەرە و ڕۆڵی حکوومەتی ئێران بۆ هاندانی لایەنگرانی بۆ کوشتی ڕۆشدی نەکردووە".

لەو پەیوەندییەدا "ڕیشی سوناک" وەزیری پێشووی ماڵی و پاڵێوراوی سەرۆکوەزیری بەریتانیا، هێرش بۆ سەر "ڕوشدی"ی بە هۆشدارییەک بۆ ووڵاتانی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە دانووستانەکان لەگەڵ ئێران ناو بردووە و وتووشیەتی کە هۆکارێکی باشتر بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.

"تام توگندات"، نوێنەری پەرلمانی بەریتانیا هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە ڕێژیمی ئێران هاوڕەگەزخوازان، ژنان و دژبەرەکانی دەکوژێ و خەڵکی ئێران یەکەمین قوربانیانی دەستی ئاخوندەکانن؛ هەروەها باسی لەوە کردووە کە ڕێژیم سەدان کەسی لە سووریا کوشتووە و سوپای پاسداران جەلادی ئەو کوشتنانەیە.

لەلایەکی دیکەوە "یائیر لاپید" سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر "سەلمان ڕۆشدی"ی بە هێرش بۆسەر ئازادی و ئاکامی دەیان ساڵ ئاژاوەگێڕی زێدەڕۆی ئێران زانیوە.

"جۆزپ بورل" بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا، لە پەیامێکدا بە تووندی ئەو هێرشەی مەحکووم کردووە.

ڕۆژنامەی "کەیهان" کە لەژێر چاودێری "عەلی خامنەیی" ڕابەری باڵای ئێران بەڕێوە دەچێت نووسیویەتی: "هێرش بۆ سەر ڕۆشدی دەرخەری ئەوەیە کە تۆڵەکردنەوە لە خاکی ئەمریکادا کارێکی ئەستەم نییە و لە دوای ئەوە ترامپ و پۆمپێئۆ هەست بە مەترسییەکی زیاتر دەکەن".

"عەلی خامنەیی" ساڵی ١٣٨٣ وتوویەتی کە ئەو فتوایەی خومەینی نەگۆڕە.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە