هێشتا دەرفەت بۆ رێككەوتن ماوە
پەیامی کورد ... هێشتا دەرفەت بۆ رێككەوتن ماوە
تێپەڕاندنی یاسای وەرگرتنی قەرز بۆ تەواوكردنی كورتھێنانی دارایی لە عێراق، كاردانەوەی بە دوای خۆیدا ھێنا، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە بەغدا دەڵێ، دەرفەت ماوە بۆ گێڕانەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام نابێت رێگە بدرێت رەفتاری ھاوشێوە دووبارە ببێتەوە.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێم لە بەغدا، رایگەیاند: "وەك بڕیارە ھەرسێ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی تێپەڕاندنی یاساكەی پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە و دواتر لەگەڵ نوێنەرانی خەڵكی كوردستان لە پەرلەمان كۆدەبنەوە، دیراسەتی رەوشەكە دەكرێت تا بزانین كاریگەری تێپەڕاندنی یاساكە لەسەر خەڵكی ھەرێمی كوردستان چی دەبێت و چ كاریگەرییەكیش لەسەر شەراكەت دەبێت لە عێراقدا، دواتر بڕیارێك دەدرێت و ئەگەر پێویست بكات شاندێكی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات".
نوێنەری حكوومەتی ھەرێم لە بەغدا هەروەها ووتی : "لە ھەموو دانووستانەكانی پێشتر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەنجامدانی رێككەوتن كردووەتە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ، بە تایبەتی لەسەر ئەو خاڵانەی لەسەری رێكەوتووین و دوایین نووسراویش لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی حكوومەتی فیدڕاڵ كراوە و تێیدا جەختی كردووەتەوە، كە ھەرێمی كوردستان پابەندە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، بەڵام بەداخەوە لە مانگی ئابەوە حكوومەتی بەغدا ووڵامی نووسراوەكەی حكوومەتی ھەرێمی نەداوەتەوە".
عیسا ھیواشی خواست، تێپەڕاندنی یاساكە سەرەتایەكی خراپ نەبێت بۆ لادان لە شەراكەتی راستەقینە و تەوافووق.
لەبارەی ھەبوونی مانەوەی دەرفەت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و ناردنی ماف و شاییستە یاسایی و دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، فارس عیسا دەڵێت: "بەڵێ دەرفەت ماوە لە دوای تێپەڕاندنی یاساكەش، بۆ ئەوەی ھەندێ ماف و شاییستەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بگەڕێنینەوە، بەڵام ئەمەیش كاتییە و دوای سێ مانگ حكوومەتی عێراق توندتر رووبەڕووی كێشەكە دەبێتەوە، لەبەر ئەوەش نابێت رێگە بدرێت رەفتاری ھاوشێوەی رۆژانی رابردوو دۆبارە ببێتەوە".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە